کەمپەینێکی گەورە بۆ کۆکردنەوەی هاوکاری راگەیەندرا
کەلار بە دەم رۆژئاواوە دەچێت
میلاد جەلال – گەرمیان
لە ناو بازاڕی قەزای کەلار، کەمپەینێکی فراوان بۆ کۆکردنەوەی هاوکاری و پێداویستی بۆ خەڵکی رۆژئاوای کوردستان دەستیپێکرد، کەمپەینەکە هەموو جۆرە هاوکارییەکی وەک خۆراک، جلوبەرگ، سووتەمەنی و پارە لەخۆدەگرێت.ئارام تاڵەبانی، یەکێکە لە سەرپەرشتیارانی کەمپەینەکە بە 964ـی رایگەیاند، بەهۆی ئەو بارودۆخە سەختەی رووی لە رۆژئاوا کردووە، وەک ئەرکێکی نەتەوەیی و ئاینی دەستیان بەم کارە کردووە، داواشی لە خێرخوازان کرد کە پێداویستی نوێ و شایستە ببەخشن بۆ ئەوەی باری قورسی لێقەوماوان سووک بکەن.
کەمپینەکە بۆ ماوەی هەفتەیەک بەردەوام دەبێت و رۆژانە لە کاتژمێر9:30 خولەکی بەیانیەوە تا 10:00ـی شەو دەرگای وەرگرتنی هاوکارییەکان کراوەیە، سێ بنکەی سەرەکی لە بەردەم قوتابخانەی لەیلا قاسم، لەندەن ئای و ناحیەی رزگاری بۆ ئەم مەبەستە تەرخانکراون.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر