بەگۆرانییەک پاڵپشتی رۆژئاوای کرد

نەجمەدینی غوڵامی: گەنجەکانمان سنووریان بەزاند

دیلان محەمەد جەزا – سلێمانی

لە گردبوونەوەکانی سلێمانی کە بۆ پاڵپشتی رۆژئاوا ئەنجام دەدرێ، هونەرمەندی دیاری کورد نەجمەدینی غوڵامی ئامادەبوو، پەیامنێری 964 خۆی گەیاندە لای و لێی پرسی، بە هونەرەکەت چۆن پاڵپشتیان دەکەی.

ئەو جگە لەوەی ئاشکرای کرد، هۆنراوەیەکی بۆ نێردراوە تا بیکات بە گۆرانی و رۆژی شەممەى ئایندە تۆمار دەکرێ، داوای کرد، ناڕەزایەتییەکان لەسەر شەقام بەردەوام بێت.

نەجمەدینی غوڵامی وتی، دەربەدەری ئەزموونێکی ناخۆشە، بە تایبەت منداڵان ئەوان ناتوانن بێ خواردن و لەبەر سەرما بمێننەوە و بەرگە ناگرن، ئەوەی روویداوە کارەساتێکی ناخۆشە.

غوڵامی لەبارەی کاریگەری هەستی کورد لە پارچەکان وتی، هەستی نەتەوایەتی لە شەقامی کوردی جوڵا، بە بەزاندنی سنور گەنجە کوردەکان دوونیایان شەرمەزار کرد، کە خیانەت و پشت لێکردن ناتوانێ ئەو ئیرادە بشکێنێ.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا