دەروازەی قائیم لە نێوان سوریا و عێراق _ وێنە: Ajazerra
بۆ گواستنەوەیان رەزامەندی داوە
عێراق: چەکدارە داعشەکان لە دامەزراوە چاکسازییەکان جێگیردەکرێن
964+
ئەحمەد مستەفا
وتەبێژی فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی عێراق، سەباح نوعمان دەڵێ، وڵاتەکەی رەزامەندی دەربڕیوە لەسەر گواستنەوەی چەکدارە داعشە زیندانیکراوەکای سوریا بەوانەی رەگەزنامەی عێراقی یان رەگەزنامەی وڵاتانی دیکەیان هەیە.
ئەو چەکدارە زیندانیکراوانە، پێشتر لە زیندانەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سوریای دیموکرات “هەسەدە” بوون.
فەرماندەی ناوەندی سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم) لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە کە ئەمڕۆ چوارشەممە 21.1.2026 دەستیانکردووە بە گواستنەوەی ئەو چەکدارانە بۆ عێراق، لە وەجبەی یەکەمدا 150 چەکداری داعشیان لەناو زیندانەکانی حەسەکەوە گواستۆتەوە بۆ عێراق.
لەو راگەیەندراوەی وتەبێژی هێزە چەکدارەکانی عێراق، کە ئەمشەو 21.1.20126 بڵاوی کردووەتەوە باس لەوەدەکات، لە دامەزراوە چاکسازییەکانی حکومەت جێگیر دەکرێن، لە ئێستادا بەشی یەکەمیان کە 150 تیرۆریستی عێراقی و بیانی لەخۆدەگرێت و دەستیان سوورە لە خوێنی خەڵکی بێتاوانی عێراقی وەرگیراون.
لەبارەی بەشەکانی دیکەی گواستنەوە دەڵێ، ژمارەی گروپەکانی تر دواتر دیاری دەکرێت، لەسەر بنەمای هەڵسەنگاندنی دۆخی ئەمنی و مەیدانی، بۆ رێگری کردن لە مەترسی بڵاوبوونەوەی ئەم کەسانە کە بە سەرکردەی باڵای ناو گروپە تیرۆریستییەکان دادەنرێن.
ڕاگەیەندراو
••••••••لە چوارچێوەی بەدواداچوون بۆ پێشهاتە ئەمنییەکان لە کۆماری عەرەبی سوریا و کاریگەرییەکانی گۆڕانی دۆخی ئەمنی، سەبارەت بە کۆنترۆڵکردنی دەستگیرکراوان لە تیرۆرستانی داعش، ئەنجومەنی وەزیران بۆ ئاسایشی نیشتیمانی لە کۆبوونەوەی بەپەلەی ئەم دواییەیدا و بە هاوکاری لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش، ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر ئەوەی عێراق ئەو تیرۆستانە کە ڕەگەزنامەی عێراقیان هەیە لەگەڵ ئەو تیرۆرستانەی کە ڕەگەزنامەی وڵاتانی دیکەیان هەیە و پێشتر لە زیندانەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سوریای دیموکرات بوون وەربگرێت و لە دامەزراوە چاکسازییەکانی حکومەت جێگیر بکرێن، لە ئێستادا بەشی یەکەمیان کە 150 تیرۆریستی عێراقی و بیانی لەخۆدەگرێت و دەستیان سوورە لە خوێنی خەڵکی بێتاوانی عێراقی وەرگیراون.
هەروەها ژمارەی گروپەکانی تر دواتر دیاری دەکرێت، لەسەر بنەمای هەڵسەنگاندنی دۆخی ئەمنی و مەیدانی، بۆ ڕێگری کردن لە مترسی بڵاوبوونەوەی ئەم کەسانە کە بە سەرکردەی باڵای ناو گروپە تیرۆریستییەکان دادەنرێن.
••••••••
سەباح نوعمان
وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان
21ی کانوونی دووەمی 2026