دەنگی ئاو گەڕایەوە بۆ هەیبەت سوڵتان

کانی نێر موژدەی ساڵێکی “تەڕ و پڕ” دەدات

964+

وریا فەتاح

کورد لەخۆڕا نەى وتووە “ئاو و ئاوەدانى”، ئێستا لە دامێنی چیای هەیبەت سوڵتان، ئاو گەڕاوەتەوە و ئاوەدانیی لەگەڵ خۆی هێناوە؛ “کانی نێر” دوای چاوەڕوانییەکی زۆر، جارێکی تر ژیایەوە.

ئەم کانییە کە دەکەوێتە بەرامبەر گوندی “کانی وەتمان”، وەک کاتژمێرێکی سروشتی وایە، ساڵانە لە کۆتایی پاییز یان سەرەتای زستان دەست بە هەڵقوڵان دەکات و تا کۆتاییەکانی مانگی ئایار، ئاوە روونەکەی بەسەر ناوچەکەدا دەبەخشێتەوە.

کاریگەرییەکانی وشکەساڵیی، ساڵی رابردوو هێشتا بەسەر زەوییەوە مابوون، هەر ئەوەش وایکرد کانی نێر ئەمساڵ کەمێک درەنگتر لە کاتی خۆی “بتەقێتەوە”، بەڵام ئێستا کە هاتووە، بە لێشاو و بە گوڕ دەڕژێت.

بۆ خەڵکی ناوچەکە، بینینی ئاوی کانی نێر تەنیا دیمەنێکی جوان نییە، بەڵکو “موژدە”یە؛ موژدەی ساڵێکی پڕ لە باران و بەرەکەت، کە تینوێتیی چیا و دەشتەکانی دەوروبەری دەشکێنێت.

ئێستا دەنگی خوڕەی کانی نێر بووەتە ئاوازی نوێی هەیبەت سوڵتان، وەک بڵێیت چیاکە دوای ساڵێکی وشک، تازە هەناسەی پڕ لە ئۆکسجین و ئاوی هەڵکێشابێت.

کەمئاوى و وشکبوونى سەرچاوەکانى ئاو؛ کیسەڵەکانى راگواس...

کەمئاوى و وشکبوونى سەرچاوەکانى ئاو؛ کیسەڵەکانى راگواستووە