"قه‌ره‌باڵغی ناو شاری كه‌مكردووه‌ته‌وه"
به‌شێكی شه‌قامی 100 مه‌تری سلێمانی کرایەوە و بووە ئاسانکاری بۆ شۆفێران
فەرهاد حەسەن
به‌ڕێوه‌به‌ری فه‌رمانگه‌ی شه‌قامی 100 مه‌تری سلێمانی رایگه‌یاند، كردنه‌وه‌ی به‌شێكی شه‌قامی 100 مه‌تری قه‌ره‌باڵغی ناو سه‌نته‌ری شار به‌تایبه‌ت به‌شی خواره‌وه‌ی شه‌قامی بازنه‌یی مه‌لیك مه‌حمود، چوارڕیانی سه‌رچنار و شه‌قامی تاسڵوجه بۆ سلێمانی كه‌مكردووه‌ته‌وه.
ئه‌ندازیار ئاسۆ جه‌زا، به‌ڕێوه‌به‌ری فه‌رمانگه‌كه له به‌رنامه‌یەکی رادیۆی ترافیك ئێف ئێم رایگه‌یاند، ئه‌گه‌ر هه‌ركه‌سێك بچێته شه‌قامی 100 مه‌تری ده‌بینێت چه‌ند بارهه‌ڵگر رۆژانه ئه‌و شه‌قامه به‌كارده‌هێنن و كاریگه‌ری له‌سه‌ر كه‌مبوونه‌وه‌ی لۆد و قه‌ره‌باڵغی ناوشار به چ ئه‌ندازه‌یه‌كه.
وتیشی “ئەم شه‌قامە رێگا‌یه‌كی خێرایه و له‌سه‌روو پێنج كیلۆمه‌تره‌وه به پرد شۆفێر ده‌توانێت یوتێرن بكات و شه‌قامه‌كه وه‌ك بای پاس وایه و شۆفێر پێویسته كه چووه سه‌ر شه‌قامه‌كه پێشتر بڕیاریدابێت بۆ كوێ ده‌چێت”.
دەشڵێت، به‌شێك له پرده‌كان یه‌ك چین قیڕیان ماوه بۆیان بكرێت و به‌ته‌واوبوونیشیان ئاسانكاری بۆ هاتووچۆ ده‌كه‌ن.
باس له‌وه‌شده‌كات، جگه له‌پرده‌كان شۆفێران ده‌توانن پردی رێگا‌ی عه‌زیزئاوا بۆ یوتێرنكردن به‌كاربهێنن و ده‌شڵێت “له تاسڵوجه تاوه‌كو رێگا‌ی قه‌ره‌داغ سێ پردی تێدایه و دوانیان به‌ته‌واوی ته‌واوبوون و پردی سێیه‌میش ئه‌گه‌رچی له 100% ته‌واو نه‌بووه، به‌ڵام كراوه‌ته‌وه و دانیشتوانی گونده‌كان ده‌توانن به‌كاری بهێنن”.
له‌باره‌ی به‌رده‌وامی كاركردن له شه‌قامه‌كه له وه‌رزی زستان، به‌ڕێوه‌به‌ری فه‌رمانگه‌کە جه‌خت ده‌كاته‌وه، كاركردن له‌چه‌ند شوێنێكی پرۆژه‌كه به‌رده‌وامه به‌ڵام كاری تێكه‌ڵه‌ڕێژكردن و قیڕتاوكردن تاوه‌كو كۆتایی وه‌رزی بارانبارین راگیراوه.