لە گرێ سپى و کۆبانێ

بە مایکەکەى دەستییەوە؛ بەکوڵ بۆ کەسوکارەکەى دەگرى

964+

دیلان محەمەدجەزا – سلێمانی

لە لایەکەوە مایکەکەی بەدەستەوەیە و رووماڵی هاواری خۆپیشاندەرانی سلێمانی دەکات، لە لایەکی تریشەوە چاوەکانی پڕن لە فرمێسک بۆ کەسوکارەکەی لەو بەری سنوور؛ ئەمە حاڵی “شیار محەمەد”ە، ئەو پەیامنێرەی لە ناو جەرگەی سلێمانییەوە، دڵی لە “کۆبانێ” لێدەدات.
شیار محەمەد، پەیامنێری کەناڵی “زاگرۆس”ی عەرەبییە، لە کاتی رووماڵکردنی گردبوونەوەی پاڵپشتی بۆ رۆژئاوای کوردستان، نەیتوانی خەمەکانی بشارێتەوە و بە کوڵ بۆ کەسوکارەکەى دەگرى کە لە رۆژئاوان.

شیار بە خەمێکی قووڵەوە بە 964ـى وت، “هاوزمان و کەسوکارمان لە سەرێ کانی، گرێ سپی و کۆبانێ لە مەترسییەکی گەورەدان، ئەوەی ئێستا روودەدات، دووبارەبوونەوەی مێژووە.”

ئەو پەیامنێرە ئازاری نەتەوەیی و سیاسی تێکەڵ دەکات و پێیوایە ئەوەی بەسەر کورد دێت، درێژکراوەی رێککەوتنە مێژووییەکانە دژی کورد، دەڵێت: “ئەمە هەروەک سیڤەر و لۆزانە، دۆخەکە رێک وەک کەرکوکمان لێهاتووە.”
ئێستا شیار لە نێوان پیشەکەی وەک پەیامنێر و ناسنامەکەی وەک کوڕێکی رۆژئاوا، بووەتە گوزارشتکارێکی راستەقینەی ئەو ئازارەی کە سنوورەکان ناتوانن لە یەکتری دایببڕن.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح