هاوڵاتییەک: ئەو 100 لیترە دەبێتە 14 لیتر
لە هەولێر دەست بە دابەشکردنی نەوتی سپی ماڵان کرا بۆ هار خێزانێک 100 لیترە
رێباز خدر- هەولێر
ئەمڕۆ 17.01.2026، دوای چاوەڕوانیەکی زۆر دەست بە دابەشکردنی نەوتی سپی ماڵان لە سەنتەری شاری هەولێر کرا، بەقسەی هاوڵاتییەک ئەو 100 لیتر نەوتەی حکومەت دابەشی دەکات بۆ هاوڵاتیان دەبێتە تەنیا 14 لیتر و داواش دەکەن کە ژمارەی بنکەکانی دابەشکردن زیاد بکرێت.
سالار عوسمان، لێپرسراوی بەدواداچون و پشکنینی سوتەمەنی لە بەرێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی هەولێر بە 964 ی وت، لەمڕۆوە نەوتی ماڵان لە گەڕەکە هەژارنشینەکان دەستیپێکرد و پڕۆسەکەش بەردەوام دەبێت تاوەکو گشت ئەو ماڵانەی دیاریکراون لە رێگای بنەکەکانی خۆراکەوە، نەوتەکە وەردەگرن.
وتیشی “بۆ هەر ماڵێک بڕی 100 لیتر دەدرێت و لەبەرامبەریشدا 31 هەزار دیناریان لێ وەردەگیرێت”.
سەنگەر جومعە هاوڵاتییەک نەوی بۆ خێزانەکان وەردەگرێت بە 964ـى وت، ئەو 100 لیتر نەوتەی حکومەت دابەشی دەکات 31 هەزار دینار وەردەگرێت، بەڵام بۆ هاوڵاتیان کە دەگاتە دەستیان وەکو ئەوەیە کە تەنیا 14 لیتر وەربگرن.
بەپێی داتاکانی بەرێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکان، بڕی پێویستی نەوت بۆ سەنتەری شاری هەولێر 45 ملیۆن لیترە، بەڵام حکومەتی عێڕاق و وەزارەتی نەوت تەنیا بڕی 15 ملیۆن لیتریان ناردوە، کە ئەمەش رێژەیەکی زۆر کەمە بە بەراورد بە پێداویستی ناوخۆ.
پێداچوونەوە؛ فەرهاد حەسەن