لۆگۆى ئیدارەی خۆسەرى دیموکراتی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا
لەپاڵ هێرشە سەربازییەکان
ئیدارەی خۆسەر هۆشداریی دەدات: شەڕى دەروونى لەگەڵ خەڵک دەکرێت
وریا فەتاح
ئیدارەی خۆسەری دیموکرات لە باکوور و رۆژھەڵاتی سووریا، ڕاگەیەندراوێکی ئاڕاستەی سەرجەم میدیاکاران و دەزگاکانی راگەیاندن کرد و تێیدا هۆشداریی لە “شەڕێکی دەروونی و چەواشەکاری” دەدات کە هاوتەریب لەگەڵ هێرشە سەربازییەکان بۆ سەر ناوچەکە دەستیپێکردووە.
ئیدارەی خۆسەر ئاماژەی بەوە کردووە، لە کاتێکدا ناوچەکە رووبەڕووی هێرشی “دڕندانە و نایاسایی” بووەتەوە، شەڕێکی دیکەی “سەختتر” هەیە کە ئامانجی لێدانە لە ورەی گەل، تێکدانی سەقامگیری و دروستکردنی گومان لە هێزە سەربازییەکان و پڕۆژە دیموکراسییەکەی ناوچەکە.
خاڵە سەرەکییەکانی پەیامەکە:
ستایشی رۆڵی میدیاکاران دەکات لە گواستنەوەی راستییەکان و بەرەنگاربوونەوەی هەڵمەتەکانی چەواشەکاری.
جەخت لە پێویستی یەکخستنی هەوڵە میدیاییەکان دەکاتەوە بۆ ئەوەی راگەیاندنی ناوخۆیی ببێتە “ئاوێنەی راستی”.
داوا لە رۆژنامەنووسان دەکات بەپێی بنەماکانی پیشەییبوون و بەرپرسیارێتی نیشتمانی کار بکەن.
هۆشداری دەدات لەو هەواڵانەی لەلایەن “میدیا بەکرێگیراوەکانەوە” بڵاودەکرێنەوە و داوا دەکات رووبەڕووی ئەو درۆیانە ببنەوە.
لە کۆتایی پەیامەکەدا، سوپاسی رۆحیەتی “رۆژنامەگەریی ئازاد” دەکات کە لە ناوچەکەدا کار دەکەن و داوای بەردەوامییان لێ دەکات لە ئەدای گەیاندنی پەیامە میدیاییەکەیان.