"ئەوەی خەڵک نەمانداتێ نیمانە"
ژێرزەمینێکی سلێمانی چیرۆکى ژیانى پڕ ئازارى خێزانێکى هەڵگرتووە
964+
چیرۆکی گەوهەر و خێزانەکەی لە سلێمانی، وێنەی راستەقینەی ململانێیە لەپێناو مانەوە، لە ماڵێکی چوار کەسیدا، هاوسەرەکەی و یەکێک لە کوڕەکانی خاوەن پێداویستی تایبەتن، باری قورسی ئەم ژیانە تەنیا لەسەر شانی دایکێکە کە دەڵێت “دەستکورتیمان گەیشتووەتە سەر ئێسقان.”
گەوهەر ڕەشید، کە ئەرکی بەڕێوەبردنی ئەم خێزانەى لە ئەستۆیە، بۆ 964 دەڵێت: “ئێستا کە لەناو جەرگەی زستانداین، نە نەوتمان هەیە، نە زۆپا و نە زەخیرەیەک لە ماڵەکەدا شک دەبەین.”
ئەوان هەرچەندە کرێچی نین و لە ژێرزەمینی ماڵی باوکی هاوسەرەکەیدا نیشتەجێن، بەڵام ئەمە کێشەکەی بۆ سوک نەکردوون. هەبوونی دوو کەمئەندام لەناو یەک خێزاندا، هەموو دەرگاکانی بژێوی و داهاتی لەسەر گەوهەر داخستووە و بارگرانییەکی زۆری دەرمان و پێداویستی رۆژانەی بۆ دروست کردوون.
“تەنیا چاومان لە دەستی خێرخوازانە، چونکە ئەگەر خەڵک هاوکاریمان نەکات، هیچمان نییە بۆ خواردن و خۆگەرمکردنەوە،” ئەمە هاواری گەوهەرە کە بە هیواوە داوا دەکات خەڵکی خێرخواز و لایەنە پەیوەندیدارەکان بە هانای منداڵەکانی و هاوسەرە پەککەوتەکەیوە بچن.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح