تاران و واشنتن چاوەڕێی ئەو دانیشتنە دەکەن

ترەمپ و نەتەنیاهۆ لەبارەی دۆخی ئێران کۆدەبنەوە

شۆڕش قادری

ئەمڕۆ بنیامین نەتەنیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بەرەو واشنتن بەڕێدەکەوێت و بڕیارە سبەی لە کۆشکی سپی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا تاوتوێی دۆخی ئێران بکەن.

ئەمە حەوتەم کۆبوونەوەی ئەو دوو سەرۆکەیە، دوای گەڕانەوەی ترەمپ بۆ کۆشکی سەرۆکایەتی.

نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاندووە، نەتەنیاهۆ داوا لە ترەمپ دەکات فشار بخاتەسەر ئێران، پڕۆگرامی موشەکە بالیستییەکانی سنووردار بکات و کۆتایی بە پشتیوانی گروپە چەکدارەکان بهێنێت.

ئەو داواکاریانە بۆ ئێران هێڵی سوورە و ئەم دانیشتنەش کاریگەری لەسەر کۆبوونەوەی داهاتووی ئەمریکا و ئێران دەبێت کە بڕیارە جارێکی تر بەشێوەی ناڕاستەوخۆ بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی نوێ کۆببنەوە.