لیندسی گراهام، سیناتۆری دیاری ئەمریکا
مەبەستى پێ لە "هەسەدە"یە
لیندسی گراهام هۆشداری توند دەداتە سووریا و تورکیا: هێرشکردنە سەر کورد بێ وەڵام نابێت
وریا فەتاح
لیندسی گراهام، سیناتۆری دیاری ئەمریکا، هۆشدارییەکی توند ئاراستەی تورکیا و حکومەتی نوێی سووریا دەکات و دەڵێت، هەر هێرشێک بۆ سەر هاوپەیمانە کوردەکان، کاردانەوەی توندی ئەمریکای لێدەکەوێتەوە.
گراهام دەڵێت زانیاری جێگەی باوەڕی پێگەیشتووە کە هێزەکانی سوپای سووریا و تورکیا لەوانەیە بەرەو پێش بچن بۆ هێرشکردنە سەر هاوپەیمانە کوردەکان (هەسەدە).
داوا دەکات حکومەتی نوێی سووریا ئاگادار بێت کە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ بەرامبەر کەمینەکان بە هیچ شێوەیەک قبوڵ ناکرێت.
سیناتۆرە ئەمریکییەکە جەخت دەکاتەوە کە کوردەکان هێزی سەرەکی بوون لە تێکشکاندنی خەلافەتی داعش و ساڵانێکی زۆرە پەیوەندییەکی پتەویان لەگەڵ ئیسرائیل هەیە.
لیندسی گراهام لە کۆتایی پەیامەکەیدا کە لە هەژماری خۆی لە “ئێکس” بڵاویکردووەتەوە، دەڵێت: “بۆ حکومەتی سووریا و تورکیا؛ بە دانایی بڕیار بدەن و هەڵبژێرن.”