ئەنجوومەنی فەتواى هەرێم:

 جیاوازی نرخ لە نێوان دۆلاری “شین و سپی” حەرامە

وریا فەتاح

دوای سەرهەڵدانی دیاردەی جیاوازی نرخ لە نێوان دۆلاری کۆن (سپی) و دۆلاری نوێ (شین) لە بازاڕەکاندا، ئەنجوومەنی باڵای فەتوا لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند، هەر جۆرە مامەڵەیەک کە تێیدا بڕی دۆلارەکە بەهۆی رەنگەکەیەوە کەم و زیاد بکرێت، بە “ریبا” و حەرام دادەنرێت.

بڕیارە شەرعییەکانی ئەنجوومەنەکە:

1. گۆڕینەوەی 100 بە 100: دەبێت دۆلاری سپی و شین بە یەکسانی و “دەستبەدەست” بگۆڕدرێنەوە، چونکە هەردووکیان یەک ڕەگەزن و یەک جۆرە دراون.

2. قەرزەکان: ئەگەر کەسێک قەرزداری کەسێک یان کۆمپانیایەک بێت بە دۆلار، خاوەن قەرز بۆی نییە بە بیانووی وەرگرتنی “دۆلاری سپی” داوای بڕێکی زیاتر بکات.

3. هۆکاری قەدەغەکردن: ئەنجوومەنەکە دەڵێت لە رووی یاسایی و بانکیشەوە هیچ جیاوازییەک لە نێوان ئەو دوو جۆرە دۆلارەدا نییە.

چارەسەر و دەرچەی شەرعی چییە؟
ئەگەر کەسێک نەیویست دۆلاری سپی راستەوخۆ بە شین بگۆڕێتەوە، ئەنجوومەنی فەتوا ئەم رێگەیە پێشنیار دەکات:

سەرەتا دۆلارە سپییەکە بە دراوێکی تر (بۆ نموونە بە دینار) بفرۆشە، پاشان بەو دینارە دۆلاری شین بکڕە.