گێچەڵى بە خەڵک کردووە

مایک هەڵگرەکەی کەرکوک دەستگیرکرا

964+
کاروان ساڵحی-کەرکوک

هێزەکانی ئاسایشی نیشتمانی لە کەرکوک، کەسێکیان دەستگیرکرد کە بە ناوی رۆژنامەنووس و چالاکوانەوە، پارەی لە خەڵک وەرگرتووە و گێچەڵی پێ فرۆشتوون، تۆمەتبارەکە لە نزیک دادگای کەرکوک و لە کاتی وەرگرتنی بڕی 50 ملیۆن دیناردا کەوتووەتە بۆسەی هێزە ئەمنییەکانەوە.

سەرچاوەیەکی تایبەت لە ئاسایشی نیشتمانی بە 964ـی راگەیاند، تۆمەتبارەکە ناوی (ف.ع)ـە و ماوەیەکە بە مایک و کامێراوە لە گەڕەکەکانی کەرکوک دەگەڕێت، بە ناوی گواستنەوەی کێشەکان و بڵاوکردنەوەیان لە پەیجەکەی، گێچەڵی بە هاوڵاتیان فرۆشتووە و داوای پارەی لێکردوون.

دەستگیرکردنی ئەم کەسە دوای ئەوە دێت کە چەندین سکاڵای لەسەر تۆمارکراوە، لە دوایین کاریدا، داوای 50 ملیۆن دیناری لە هاوڵاتییەک کردووە بەرامبەر ئەوەی گێچەڵی پێنەکات و کارەکەی بۆ راپەڕێنێت، بەڵام لە کاتی وەرگرتنی پارەکەدا قۆڵبەست کراوە.

بەپێی زانیارییەکانی ئاسایشی نیشتمانی، ئەم تۆمەتبارە پێشتریش چەندین جار بە هەمان تۆمەت دەستگیرکراوە، بەڵام بە کەفالەت ئازاد کراوە و دووبارە دەستی بە هەمان کار کردووەتەوە.

ئێستا بە بڕیاری دادوەر راگیراوە و لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح

لیژنەی لابردنی زیادەڕەویی لە کەرکوک خانووی کرێکارێکی ...

لیژنەی لابردنی زیادەڕەویی لە کەرکوک خانووی کرێکارێکی کوردیان رووخاند