کوردیشیان تێدایە
سەرۆک وەزیرانی عێراق فڕۆکەیەکی بۆ گەڕاندنەوەی کۆچبەرەكانی لیبیا تەرخانکرد
964+
فەرهاد حەسەن
محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق ڕەزامەندیدا لەسەر تەرخانکردنی فڕۆکەیەک بۆ گەڕاندنەوەی ئەو كۆچبەرە عێراقیانەی كە لە لیبیا دەستبەسەركرابوون و باڵیوزخانەی عێراقیش كاروبارەكانی گەڕانەوەی 151 كۆچبەری تەواوكردوە.
ئەحمەد سەحاف، باڵیۆزی عێراق لە لیبیا بە وەكالەت، ئەمڕۆ چوارشەممە بە میدیای فەرمی عێراقی راگەیاند، رێکارەکانی گەڕانەوەی 151 هاوڵاتی عێراقی تەواوکراون و ئەو دەسپێشخەرییە لەژێر چاودێری فواد حسێن، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوە و بەگوێرەی پێشنیازێکی باڵیۆزخانەی عێراق بووە، بەهۆی زیادبونی ژمارەی کۆچبەرانی نایاسایی کە روو لە لیبیا دەکەن.
ئاماژەی بەوەشكرد، باڵیۆزخانە لە ماوەی رابردودا پشتگیری پێویستی پێشکەش بە کۆچبەران کردووە، کە پێکهاتبوو لە دابینکردنی خۆراک، خواردنەوە، پۆشاک و پێداویستییە سەرەکییەکانی رۆژانە.
باڵیۆزخانەی عێراق رێکارەکانی گەڕانەوەی 151 هاوڵاتیی عێراقی تەواوکردوە کە بە شێوەیەکی نایاسایی چوبونە ناو لیبیاوە.
باڵیۆزی عێراق لە لیبیا باسی لەوەشكردوە، سودانی، رەزامەندی دەربڕیوە لەسەر تەرخانکردنی فڕۆکەیەکی گواستنەوەی ئاسمانی بۆ گەڕاندنەوەیان، ئەوەش لە وەڵامی داواکارییە فەرمییەکان کە لە رێگەی وەزارەتی دەرەوە .
دەشڵێت “باڵیۆزخانە هەموو پێداویستییەکانی گەڕانەوەی ئارەزومەندانەی کۆچبەرانی بۆ لای کەسوکاریان تەواو کردووە”.
ئەمە لەكاتێكدا کە دوێنێ ژمارەیەک لەکەسوکاری گەنجان لە ئیدارەی راپەڕین لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا داوایان لە لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد بەهانای کوڕەکانیان بچن کە ئێستا لە لیبیا دەستگیر کراون.
پێشتریش كۆچبەران کە لەناویاندا گەنجانی كورد هەبوون، زۆرجار بە رێگەی ناسایی دەچوونە ولاتی لیبیاوە بۆئەوەی لەوێوە بگەنە ئەوروپا، بەڵام لە كاتی دەسبەسەركردنیان لەو وڵاتە، رووبەڕووی ئەشكەنجە و ئازاری زۆر دەبوونەوە.