چەندین گوند و ناحیەی بەسەرەوەیە

پردەکەی رێگای گوندی فەقێ مستەفا بۆ سەنگاو و چەمچەماڵ  پاککرایەوە

فەرهاد حەسەن

دوای نزیکەی مانگێک بەسەر لافاوەکەی چەمچەماڵ و دەوروبەری پردێکی سنووری ئەم قەزایە کە رێگای چەند گوند و ناحیەیەکی بەسەرەوەیە، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی چاکردنەوە و پاراستنی رێگاوبانی چەمچەماڵەوە پاککرایەوە.

پردەکە، کەوتووەتە نێوان گوندەکانی فەقێ مستەفا و کۆیی لەسەرچەمی ئاوەسپی، رێگای سەرەکی ئەم گوندانەیە بۆ ناحیەی سەنگاو و قەزای چەمچەماڵ و کەلار و کفری و لەولاشەوە گوندەکانی مەسۆیی و کوردەمیر بە سەنگاو، دەبەستێتەوە.

عاسی عەلی، خەڵکی گوندی فەقێ مستەفا بە 964ـى وت، بەهۆی لافاوەوە دەرچەکانی پردەکە گیرابوون ئاوێکی زۆری کۆکردبووەوە و بەمەش زیانی زۆری بەرکەوتبوو.

وتیشی “هەرچەندە  پاککردنەوەی پردەکە زۆر دواکەوت چونکە زیانی زۆر بە رێگای گوندی فەقێ مستەفا کەوتبوو و لە زۆرجێگا کەڵکی هاتوچۆکردنی نەمابوو، بەڵام پاککردنەوەی پردەکە تاڕادەییەک کێشەی هاتوچۆی لە سنووەرە کەمکردەوە”.

بە پێویستیشی دەزانێت بەڕێوەبەرایەتی چاکردنەوە و پاراستنی رێگاوبانی چەمچەماڵ کاری چاککردنەوەی رێگاکەی گوندەکەشیان دەستپێبکەن چونکە لە ئێستادا زیاتر لە 30 خێزانی تێدا دەژیت.