شارەوانی خورماڵ: گوڵی زینەی بۆ دەهێنین

سەبەحبەحەکانی شەقامی مستەفا زەڵمی کلۆر بوون

ئەحمەد مستەفا

بەشێکی زۆری دار سەبەحبەحەکانی شەقامی دکتۆر موستەفا زەڵمی دووچاری نەخۆشیی و ڕزین و کلۆربوون بوونەتەوە، چەندجارێکیش لەکاتی ڕەشەبادا شکاون و کەوتوونەتە سەر شەقامەکە.

بە گوێرەی سۆراغی 964، لە بنەوەی دارەکە یان لەو بەشەی سەرەوەی کە هەڵدەپاچرێ، لقێکی زۆر و چڕوپڕ دەردەکات و دەبێتە حەشارگەی کرم و مێرو و دارەکە دووچاری رزین دەکات.

شارەوانی خورماڵ لەبارەی درەختەکان لە راگەیەندراوێکدا کە وێنەیەکی بۆ 964ی ناردووە دەڵێت، لە چەند رۆژی ڕابردوودا کارمەندانی باخچەکانمان بە سەرپەرشتیی  لێپرسراوی باخچەکان، هەڵمەتی بڕینیان دەستپێکردووە.

بۆ ئەوەی کرمی ناو درەختەکان زیانی زیاتر بە ژینگەی ناوچەکە نەگەیەنن، دورخستنەوەی ئەو دارانەیان دەستپێکردووە کە نەخۆش بوون و زەرەر و زیانیان بۆ ژینگە و دارودرەختەکانی چواردەوریان هەبووە.

شارەوانی دەڵێ، لە وەرزی نوێی چاندندا هەوڵدەدەین ناوەندە باخچەی شەقامەکە تا ئەحمەدئاوا بە گوڵێکی زینە بڕازێنینەوە، لەبری دارە سەبەحبەکان، چونکە ئەو شەقامە یەکێک لە شا رێگەکانی هاتن و چوونی گەشتیاران.