دەنگی بازە تۆقێنەرەکان دێت

گورزێکی ئەمریکا لە رێیەو لەسەر ئاگرێکی هێواش دەکوڵێت

ژووری هەواڵ

لە دوورەوە دەنگی بازە تۆقێنەرەکان دێت، نازاندرێت ئەمە مانۆڕێکی ئەمەریکایە گورزێک لە رێیەو لەسەر ئاگرێکی هێواش دەکوڵێت.

تیمی 101ی سوپای ئەمەریکا، یان ئەوەی پێیان دەڵێن (بازە دەنگبەرزەکان) تیمێکی ئاسمانی ئەمەریکایەو سەربازەکانی بە فڕۆکەو کۆپتەر هاتوچۆ دەکەن، بەڵام لەهەر شوێنێک نزیک ببنەوە مانای وایە گۆبەندێک بەڕێوەیە.

تیمی 101 لە بەناوبانگترین هێزەکانی سوپای ئەمەریکایەو ئەو ئەرکانەی پێ دەستپێردرێت کە هیچ هێزو دەستەیەکی دیکەی سوپا ناتوانن ئەنجامی بدەن.
ئەمانە توانایەکی بەرزی پلاندانان و جێبەجێکردنیان هەیەو زۆربەی کات لەو ناوچە سەختانە بەکاردەهێندرێن کە هێزەکانی تر پێیان ناگەن.

وەک بازێکی چاووتیژو لێزان بە بێدەنگی دەچنە پشتی سەنگەری دوژمنەکانیان، بەڵام لەپڕ بە دەنگێکی بەرزو پڕ ژاوەژاو گورز دەوەشێنن.

تیمی 101 ساڵی 1918 دروستبوون، لە جەنگی دووەمی جیهانیدا بەشداری کردووەو دوای ئەویش لە شەڕی ڤێتنام و شەڕەکانی ئەفغانستان و عێراق بەشداربوون.

جموجۆڵی ئەم هێزە زۆر دەگمەنە، تەنیا لەکاتە زۆر هەستیارەکاندا ئەمەریکا لەمەیدانی شەڕ نزیکیان دەکاتەوە.

ساڵی 2022 لە سنوورەکانی ئۆکرانیا نزیکبوونەوە، بۆ ئەوەی ئەگەر باڵانسی شەڕەکە گۆڕا زوو بە هانای کیێڤەوە بچن.

جیاوازی ئەم هێزە لەگەڵ دەلتاو هێزە تایبەتەکانی دیکەی ئەمەریکا ئەوایە ژمارەیان زۆرەو لە دەیان هەزار سەباز پێکهاتوون، زیاتر شەڕی کلاسیکی دەکەن وەک باقی هێزە نیزامییەکانی تر، بەڵام ناوچە سەخت و پڕ هەورازو نشێوەکان لە تایبەتمەندی ئەمانە.

میدیا ئێرانییەکان دەڵێن ئەم هێزە ئێستا لە عێراق و هەرێمی کوردستان هەیەو جموجۆڵێکی نائاسایی دەکەن، گومان بۆ ئەوە دەچێت کە گورزێکی وەک ئەوەی ڤەنزوێلا بوەشێنن.

ترسەکە هەر ئەمە نییە، بەڵکو ئێستا قسەیەکی جدی هەیە کە هێزی دەلتا لە سنوورەکانی عێراق نزیک بووبێتەوەو کارێکیان لەژێر سەردا بێت، بەڵام نازاندرێت ئاخۆ هیچ کردەوەیەک ئەنجام دەدەن یان ئەمەی روودەدات تەنیا نمایشی هێزی بازووی ئەمەریکایە.