57 مانگی دیکە رێگای کەلار دەربەندیخان تەواو دەبێت

ئەگەر هەفتانە 250 ملیۆنەکە بێ دواکەوتن بدرێتە کۆمپانیای جێبەجێکار

964+

هاوبەش ئەبوبەکر

تەواوکردنی 40%ـی رێگای کەلار دەربەندیخان پێویستی بە 57 ملیار دینارە، ئەگەر کۆمپانیای جێبەجێکار هەموو هەفتەیەک 250 ملیۆن دینارەکە وەربگرێت ئەوا دوای چوار ساڵ و نۆ مانگی دیکە تەواو دەبێت.

بە قسەی بەڕێوەبەری رێگەوبانی گەرمیان، کۆمپانیای جێبەجێکار بۆ تەواوبوونی ئەو بەشەی کە لە پرۆژەی رێگەی کەلار – دەربەندیخان ماوە، پێویستی بە 57 ملیار دیناری دیکە هەیە و بڕیاردراوە هەفتانە 250 ملیۆن دیناری پێبدرێت.

ئەگەر هەموو هەفتەیەک شایستە داراییەکانی کۆمپانیای جێبەجێکار بدرێت وەک ئەوەی بڕیاری لەسەر دراوە، ئەوا تەواوکردنی رێگاکە چوار ساڵ و نۆ مانگ دەخایەنێت کە دەکاتە 57 مانگ.

دوای 19 رۆژ وەستان، لە 19.2.2023ـەوە جارێکی دیکە دەستکرایەوە بە کارکردن لە پرۆژەی دووسایدی رێگای کەلار – دەربەندیخان و بڕیاردرا هەفتانە 250 ملیۆن دینار بدرێت بە کۆمپانیای جێبەجێکار.

کارەکانی پڕۆژەی رێگای کەلار – دەربەندیخان بە سستی بەڕێوەدەچن

پرۆژەکە تا ئێستا نزیکەی 60٪ی تەواو بووە و پێشتر مانگانە تەنیا 200 ملیۆن دیناری بۆ تەرخاندەکرا.

عەدنان خەلیل، بەڕێوەبەری رێگاوبانی گەرمیان بە 964ی راگەیاند، پڕۆژەی رێگای کەلار – دەربەندیخان پێویستی بە 57 ملیار دیناری دیکەیە تا تەواو ببێت، لە ئێستاشدا کارەکانی بە سستی بەڕێوە دەچێت.

رێگای دووسایدی کەلار – دەربەندیخان كه‌ 41 کیلۆمەتر درێژە و گوژمەکەی 137.7 ملیار دینارە و 18 پردی دووساید لەخۆ دەگرێت کە درێژیی سەرجەمیان سێ کیلۆمەتر و 600 مەترە.