ئاماری ساڵی رابردوو

210 رووداوی هاتوچۆ لە خورماتوو؛ 37 گیانلەدەستدان و 185 بریندار

سیروان خورشید – دوزخورماتوو

ساڵی رابردوو زیاتر لە 200 رووداوی هاتوچۆ لە سنووری خورماتوو روویانداوە، بەهۆیانەوە 37 کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 185 کەسیش برینداربوون.

جادەی کەرکوک – بەغدا خوێناویترین رێگای قەزاکە بووە و زۆربەی رووداوەکان لەسەر رێگای نێوان خورماتوو بۆ داقوق و ناوەندی قەزاکە و سنووری ئامرلی روویانداوە.

ئیحسان عەباس بەڕێوەبەری هاتوچۆ دەرەکیەکانی خورماتوو بە 964ـی وت، “لە ساڵی 2025ـدا لە سنووری خورماتوو 210 رووداوی هاتوچۆ روویانداوە، لە رووداوەکاندا 37 هاوڵاتی گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 185 کەسیش برینداربوون”.

“بەراورد بە ساڵی رابردوو، ئەمساڵ رووداوەکانی هاتوچۆ لە قەزای خورماتوو 30٪ زیادیانکردووە”، ئێحسان عەباس وادەڵێت.

کۆی ئەو سەرپێچیانەی ساڵی 2025 لە سنووری خۆرماتوو تۆمارکراون، 10 هەزار و 330 سەرپێچین، کە بەشێک لە سەرپێچییەکان لەلایەن ماتۆڕسوارەکانەوە ئەنجام دراون.

قەزای دوزخورماتوو دەکەوێتە سەر رێگای کەرکوک – بەغدا و بەرێگایەکی ستراتیژی لە نێوان هەرێم و بەغدا لەقەڵەم دەدرێت.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری