دزییەکە لە هەڵەبجە کراوە

چەند پارچە ئاڵتونێک و کامێرای چاودێری ماڵێكی لەکۆڵنا؛ قۆڵبەست کرا

شۆڕش قادری

لە هەڵەبجە دز چووەسەر ماڵێک و چەند پارچە ئاڵتۆنێک و کەرستەی جوانکاری خانمان و کامێرای چاودێری ماڵەکەشی لەکۆڵنا، پۆلیس دۆزییەوە و قۆڵبەستی کرد.

بەپێی راگەیەنراوێکی بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەڵەبجە، دوای ئەوەی لەلایەن هاوڵاتییەکەوە سکاڵا تۆمارکراوە لەبەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان لەسەر ئەوەی کە دزی لە ماڵەکەی کراوە، دەستبەجێ دەستکراوە بەلێکۆڵینەوە و بەدواداچوون، دواتر مەفرەزەکانیان توانیویانە بەبڕیاری دادوەر تۆمەتبارێک بەناوی (هـ، ل، ف) تەمەن 28 دەستگیر بکەن.

ئاماژە بەوەشکراوە، تۆمەتبارەکە پیشەی کاسبە و چەند پارچە ئاڵتونێک و هەندێک کەرەستەی جوانکاری خانمان و کامێرایەکی چاودێریشی دزیوە.

تۆمەتبار لەبەردەم دادوەری لێکۆڵینەوەدا دانی بەتاوانەکەیاندا ناوە و بەپێی مادەی  446 لە یاسای سزادانی عێراقی راگیراوە.