دیمەنێکی قەزای کەلار - وێنە؛ ئەرشیفی 964
"دوای زستان پڕۆژەی رووناکی پێدەگات"
لە گەرمیان 12 کاتژمێر کارەبای نیشتمانی دەدرێت بە ھاوڵاتیان
964+
میلاد جەلال – گەرمیان
لەم وەرزی سەرماوسۆڵەدا کە ھاوڵاتیان زیاتر پێویستیان بە کارەبای نیشتمانییە بۆ ئامێرەکانی گەرمکەرەوە، لە گەرمیان لە شەو و رۆژێکدا تەنیا 12 بۆ 13 کاتژمێر کارەبای نیشتمانی دەدرێت بە ھاوڵاتیان.
حازم کەریم، بەڕێوەبەری گشتی کارەبای گەرمیان بە 964ـی وت، “لەم وەرزەی ساڵدا کە خواستێکی زۆر ھەیە لەسەر کارەبای نیشتمانی، پێدانی کارەبا بە هاوڵاتیان کەم دەبێتەوە”.
“بەشە کارەبای گەرمیان 110 مێگاواتە و ھیچ زیاد نەکراوە، بەپێی خواستی ھاوڵاتیانیش کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا گۆرانکاری بەسەردا دێت، ئێستا رۆژانە 12 بۆ 13 کاتژمێر کارەبا دەدرێت بە ھاوڵاتیان”، حازم کەریم وای وت.
لەبارەی گەیشتنی پڕۆژەی رووناکی و کارەبای 24 کاتژمێری بە گەرمیان، حازم کەریم دەڵێت، لەئێستادا تۆمارکردنی نوێ لە پڕۆژەی روناکی راگیراوە بەھۆی وەرزی زستانەوە، لە دوو مانگی داھاتوودا کارەکانی پڕۆژەی رووناکی لە گەرمیانیش دەستپێدەکات و چاوەڕوان دەکرێت، بەهاری ئەمساڵ کارەبای 24 کاتژمێری بگاتە ئەو دەڤەرەش.
لە ناوەڕاستی ساڵی رابردووەوە پڕۆژەی رووناکی لە هەرێمی کوردستان دەستبەکاربووە و تا ئێستاش نزیکەی چوار ملیۆن و 500 هەزار هاوڵاتی کوردستان لە کارەبای 24 کاتژمێری سوودمەند بوون.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری