ئەی نزمی ڤۆڵتییە؟

ھێشتا دوو گوندی گەرمیان تاریکن و کارەبایان پێنەگەیشتووە

میلاد جەلال – گەرمیان

لە ناحیەکانی گەرمیان گرفتی نزمی ڤۆڵتیەی کارەبای نیشتیمانی ھەیە، بەڕێوەبەری کارەباش دەڵێت، خەریکی چارەسەرکردنی ئەو کێشەیەین و تەواوی گوندەکانی گەرمیانیش کارەبایان بۆچووە، تەنیا دوو گوند ماوە.

ئەوەش بە گوێرەی ئەو نوسراوانەی بۆیان کراوە، کە گوندەکان ئاوەدانن و کارەبایان دەوێ.

حازم کەریم، بەڕێوەبەری گشتی کارەبای گەرمیان بە 964ى وت،”مانگی پێشوو بە دانانی مۆبایلێک کێشەی نزمی ڤۆڵتییەی ناحیەی پێباز و گوندەکانی چارەسەر بووە، ئێستا سەرقاڵی چاککردنی کارەبای ناحیەی نەوجولین”.

“ئەوەی دەمێنێتەوە تەنیا ناحیەی کۆکزە، پێویستی بە دانانی مۆبایلێکی 45 ئێم ڤی ئەی هەیە، بۆ ئەوەش نوسراومان ئاراستەی وەزارەت کردووە ئەگەر رەزامەندیش بدرێت زیاتر لە ساڵێکی پێدەچێت تاوەکو مۆبایلەکە دادەنرێت”، حازم کەریم وای وت.

لە بارەی گەیاندنی کارەبا بە گوندەکانی گەرمیان حازم کەریم، وتی،”24 گوندمان ھەبوو کە کارەبایان بۆ دابین بکەین، 22 گوندیان کارەبایان پێگەیشتووە و تەنیا دوو گوند ماوە لە گەرمیان ئاوەدان بێت و کارەبای نەبێت”.

لەبارەی راگرتنی کارەکان، ئاماژەی بەوەکرد، بەھۆی نەبوونی سیولە و خەرجنەکردنی پارە بۆ کۆمپانیاکە، ئەوانیش کارەکانیان راگرتووە، ئەگەر پارەیان بۆ خەرجبکرێت ئەو دوو گوندەش لە تاریکی رزگاریان دەبێت.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا