قائیمقامى خورماتوو هۆشدارى دەدات
پردى هاتوچۆى نێوان هەرێم و بەغدا خەریکە دەڕوخێت
964+
سیروان خورشید – دوزخورماتوو
قایمقامی قەزای خورماتوو پەیامێکی بەپەلە و “هاناوەچوون” ئاراستەی سەرۆک وەزیرانی عێراق دەکات، هۆشداری دەدات لە بڕانی تەواوەتی رێگای سەرەکی نێوان هەرێم و بەغدا بەهۆی داڕووخانی پردەکانەوە.
ئەمڕۆ هەینی 2ـی کانوونی دووەمی 2026، زولفەقار حەیدر قایمقامی خورماتوو بە 964ـی راگەیاند؛ بەهۆی لافاوەکەی چەند رۆژی رابردووەوە چوار پردی سەرەکی لە سنوورەکە داڕووخاون و ئەوەی ماوەتەوە تەنیا “پردی باشووری خورماتوو”ە کە ئەویش لە لێواری داڕووخاندایە.
قایمقامی خورماتوو وتیشی،”مەترسییەکی زۆر لەسەر پردی باشوور هەیە، لافاو دیوێکی رووخاندووە و ئەوی دیکەشی بەرگەی لافاوێکی تر ناگرێت، بۆیە ئێستا تەنیا رێگە بە ئۆتۆمبێلی بچووک دەدرێت تێپەڕ ببێت، پەیامێکی بەپەلەمان بۆ سەرۆک وەزیران و پارێزگاری سەڵاحەدین ناردووە بۆ ناردنی تیمی ئەندازیاری، چونکە ئەگەر ئەم پردە بڕووخێت، کارەسات دەقەومێت.”
ئەو پردانەی بەهۆی لافاوەکەوە لەکارکەوتوون یان داڕووخاون:
1. پردی باشووری خورماتوو: رێگای سەرەکی هەرێم و بەغدایە (تەنیا بۆ ئۆتۆمبێلی بچووک کراوەیە).
2. پردی زەرگە: خورماتوو بە پارێزگای سەڵاحەدین دەبەستێتەوە.
3. پردی بشدێنەیی: دەکەوێتە باکووری ڕۆژئاوای خورماتوو، ڕێگای سەرەکی بارهەڵگرەکانی کەرکوک – بەغدایە.
4. پردی داقوق: رێگای ستراتیژی کەرکوک بۆ بەغدا دەبەستێتەوە.
قایمقام جەخت دەکاتەوە کە دۆخەکە “مەترسیدارە” و جگە لە پەککەوتنی هاتوچۆی بازرگانی، مەترسی بۆ سەر ژیانی ئەو هاوڵاتییانەش هەیە کە ناچارن بەو پردە لەرزیوانەدا تێپەڕ بن.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح