لە سبەی شەممەوە هەڵمەتی کۆکردنەوەیان دەستپێدەکات
شارەوانی بناری قەندیل ئەو وڵاخانە دەفرۆشێت کە خاوەنەکانیان بەڕەڵایان کردوون
964+
ژێوار خدر
ئیتر ئەو وڵاخ و ئەسپانەی لە وەرزی زستاندا بە بێ چاودێر لە بناری قەندیل بەڕەڵا دەکرێن، لە خاوەنەکانیان وەردەگیرێنەوە و دەفرۆشرێن، ئەم بڕیارە وەک رێکارێک بۆ رێکخستنەوەی ژینگەی ناوچەکە و کۆتاییهێنان بە دیاردەی ئاژەڵی بێ خاوەن پەیڕەو دەکرێت کە ساڵانە لەم وەرزەدا لە سنوورەکە دەبینرێن.
هاوسەرۆکایەتی شارەوانی بناری قەندیل رایگەیاند، لە رۆژی شەممە 3.1.2025ەوە تیمەکانیان دەست دەکەن بە کۆکردنەوەی تەواوی ئەو وڵاخانەی لە سنووری شارەوانییەکە بەڕەڵا کراون لەلایەن خاوەنەکانیانەوە و لەمەودوا شارەوانی وەک “خاوەن” مامەڵە لەگەڵ ئەو ئاژەڵانە دەکەن و بە ئاگاداری ئاسایش و مەجلیسی ناوچەکە دەیانفرۆشن.
ئاماژەی بەوەشداوە، ئەم هەنگاوە پاڵپشتە بە بڕیاری کۆی دەنگی ئەنجومەنەکان کە لە کۆنفرانسێکدا پەسەند کراوە، و داواش لە ژینگەپارێزان و ئاژەڵدۆستانی سنوورەکە دەکات، هاوکاری تیمەکانیان بن لە کۆکردنەوەی ئەو وڵاخانەی بە بێ خاوەن جێهێڵدراون، تاوەکو چیتر نەبنە هۆکاری تێکدانی ژینگەی ناوچەکە.