بەپێى دەستوور
هەولێر داوای 384 ملیار دۆلار لە بەغدا دەکات؛ وەک قەرەبووی زیانەکانی رژێمی پێشوو
وریا فەتاح
حکومەتی هەرێمی کوردستان بە فەرمی بڕی ئەو زیانانەی خەمڵاندووە کە لە ئەنجامی تاوانەکانی رژێمی پێشووی عێراق (1963-2003) بەر هەرێمی کوردستان کەوتووە و داوای 384.6 ملیار دۆلار وەک قەرەبوو لە حکومەتی فیدراڵ دەکات.
بەپێی راگەیەندراوێکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێم، ئەم خەمڵاندنە دوای لێکۆڵینەوەیەکی ورد لە قەبارەی زیانەکان هاتووە و حکومەتی هەرێم داوای کردووە حکومەتی ئێستای عێراق پابەند بێت بە قەرەبووکردنەوەی ئەو زیانانە.
حکومەتی هەرێم لەم داواکارییەیدا پشتی بە ماددەی112 و 132ـی دەستووری هەمیشەیی عێراق بەستووە، کە تێیدا جەخت لەسەر قەرەبووکردنەوەی قوربانیانی رژێمی پێشوو و ئەو ناوچانە کراوەتەوە کە رووبەڕووی تاوان و وێرانکاری بوونەتەوە.
ئەم بڕە پارە زەبەلاحە (زیاتر لە 384 ملیار دۆلار)، قەرەبووی تەواوی ئەو تاوانە مادی و مەعنەوییانەیە کە لە ماوەی 40 ساڵ حوکمڕانی رژێمی پێشوودا، لە جینۆساید، ئەنفال، وێرانکردنی گوندەکان و زیان گەیاندن بە ژێرخانی ئابووری کوردستان ئەنجامدراون.