گەرمیان

دایكێک گیانی لەدەستدا و هاوسەری و سێ کوڕی بریندارن

میلاد جەلال – گەرمیان

لە گەرمیان ئۆتۆمبێلێک وەرگەڕا و بەهۆیەوە دایكێک گیانی لەدەستدا و هاوسەری و سێ کوڕی برینداربوون.

رێبوار محەمەد، بەڕێوەبەری بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی شەھید خالد گەرمیانی لە قەزای کفری بە 964ـی وت، “کەمێک پێش ئێستا لەنزیک گوندی زەرداو لە سنوری ناحیەی جەبارە، ئۆتۆمبێلێک وەرگەڕاوە و هاوڵاتییەک گیانی لەدەستداوە”.

“ئۆتۆمبێلەکە خێزانێکی تێدابووە، ژن و پیاوێک و سێ کوڕ بوون، ھەر لە شوێنی رووداوەکە ژنەکە گیانی لەدەستداوە، پیاوەکە و سێ کوڕەکەیان بریندارن”، رێبوار محەمەد وای وت.

ئاماژەی بەوەش کرد، بریندارەکان تەندروستییان باشە، دوانیان رەوانەی فریاکەوتنی کەلار کراوەن و دوانەکەیتریش لە نەخۆشخانە نەماون و باشن، تەرمی ژنەکەش رەوانەی پزیشکی دادی کەلار کراوە.

خێزانەکە دانیشتوی قەزای کەرکوکن، ماڵی باوکی ژنەکە لە خانەقین بووە و بەسەردان ویستویانە بگەڕێنەوە خانەقین، لە رێگا تووشی ئەو رووداوە بوون.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری