رێگای زیاتر لە 50 گوندی بەسەرەوەیە

بەشێک لە پردی مۆکەبە لە شارباژێر داڕماوە

ئەحمەد محەمەد – سلێمانی

بەهۆی بارانی بەخوڕ و لافاوەوە بەشێک لە پردی مۆکەبە لە قەزای شارباژێر داڕماوە و کاربەدەستانی ناوچەکەش دەڵێن، تا سبەینێ چاکی دەکەنەوە.

پردەكە دەكەوێتە گوندی مۆکەبەی قەزای شارباژێر و رێگای زیاتر لە 50 گوندی ناوچەکەی بەسەرەوەیە.

لەبارەی مەترسی لەسەر پردەكە، فەرهاد ساڵح قایمقامی شارباژێر بە 964ـی وت، “ئاگاداری دۆخەكەم و لەئێستادا لە شوێنەكەم، یەكەمجارە ئەوە رووبدات و بەهۆی بارانی بەخوڕ و لافاوی بەهێزەوە بەشێكی رۆچووە”.

“بەربەستێکی گڵیمان داناوە بۆ ئەوەی خەڵكی نەشارەزا نەكەوێتە ناو چاڵەكەوە، چونكە قوڵە و ژێرەوەشی گۆمە و مەترسی بۆ شۆفێران دروست دەكات”، فەرهاد ساڵح وای وت.

وتیشی، رێگاوبانی سلێمانیان لەو بابەتە ئاگادار کردووەتەوە و ئامێری پێویستان بۆ ناردوون بۆ ئەوەی دەرچەی پردەكە بكەنەوە، تاوەکو بتوانن مەترسی لەسەر هەموو پردەكە كەم بكەنەوە، چونکە بەهۆی گیرانی ئەو دەرچانە و گەڕانەوەی ئاوەكەوە، ئەو رۆچوونە روویداوە.

قایمقامی شارباژێر ئەوەشی خستەڕوو، ئەمڕۆ تەنیا دەتوانن دەرچەكان پاكبكەنەوە و رێڕەوی ئاوەكە فراوان بكەن، سبەی رێگاوبانی سلێمانی تیمێكی تایبەت دەنێرن بۆ چاكردنەوەی پردەكە و هەوڵەدەدەن تاوەكو سبەی ئێوارە، هاتوچۆی رێگاكە ئاسایی بكەنەوە.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری