خۆت لەو رێگایە مەدە

بەفر رێگای چیای سەفینی داخستووە و تاوەکو ئێستا نەکراوەتەوە

فەرهاد حەسەن

بەهۆی ئەو بەفر بارینەی کە شەوی رابردوو سنووری قەزای شەقڵاوەی گرتووەتەوە، رێگای سەرەکی چیای سەفین داخراوە و تاوەکو ئێستاش نەکراوەتەوە.

رێگاکە قەزای شەقڵاوە و ناحیەکانی هیران و سکتان و ئیدارەی راپەرین بە پارێزگای هەولێرەوە دەبەستێتەوە.

سوارە ئەکرەم، قایمقامی قەزای شەقڵاوە بە 964ـى راگەیاند، لە شەوی رابردوەوە کاری پاککرنەوەی رێگاکان دەکەن توانیویانە رێگای شەقلاوە بۆ هیران لە گردجاسووسان و رێگای زینەتیریش بۆ دیوی بالیسان بکەنەوە.

وتیشی “تەنیا رێگای سەر چیای سەفین ماوە بکرێتەوە ئەویش چاوەڕێی تیمەکانی پاککردنەوەن، هەر کاتێک لە شوێنەکانی دیکە تەواو بوون ئەو رێگایەش پاکدەکەنەوە”.

لایخۆشییەوە ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر هۆشدارییەکی بۆ هاوڵاتیان و گەشتیاران بڵاوکردووەتەوە، کە بەهۆی ئەم شەپۆلە چڕەی بەفربارینەوە، هاتنە خوارەوەی پلەی گەرمی بۆ ئاستی زۆر نزم، رێگاکان بونە بەستەلەک و شەختە هاتووچۆ بۆ ئۆتۆمبێلەکان ئاستەمە.

دەشڵێت، رێگاکانی لۆفەکانی سەفین، گەرۆتە ، رێگای سەرەکی شەقلاوە بۆ هیران، رێگای سەرەکی لۆفەکانی زینەتیر و رێگای سەرەکی ئاقوبان، مەترسیان لەسەر دروستبووە.