نزیکەی چوار ملیۆن کەسە

بەشەخۆراکی پزیشكان و دەرمانسازان و خاوەن كۆمپانیاكان دەبڕدرێت

فەرهاد حەسەن

وەزارەتی بازرگانیی عێراق ئاشكرای دەكات، كە بەشەخۆراكی چەند توێژێک دەبڕدرێت، لەوانەش پزیشكان و دەرمانسازان و خاوەن كۆمپانیاكان دەگرێتەوە.

بڕیاری بڕینی بەشەخۆراکەکە بۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دەگەڕێتەوە، بۆ  ئەو فەرمانبەرانەی موچەیان لە سەروو دوو ملیۆن دینارە و نەوانەش کە خاوەن داهاتی بەرزن.

بەپێی راگەیەنراوێكی وەزارەتی بازرگانی، لە رێگەی سیستمی ئەلیکترۆنییەوە وردبینی لە لیستەکاندا کراوە و بەشەخۆراکی چوار ملیۆن کەس بڕاوە، کە پزیشک، دەرمانساز و خاوەن کۆمپانیاکان دەگرێتەوە.

ئاماژەی بەوەشداوە، ئەم هەنگاوە بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران و ئەنجوومەنی ئابوورییە بۆ ئەوەی خۆراک تەنیا بە کەسانی شایستە و خێزانە کەمدەرامەتەکان بگات.

جەختیشی كردۆتەوە، کار دەکەن بۆ باشترکردنی کوالێتی خۆراک، ئەویش لە رێگەی سوودوەرگرتن لەو پارەیەی لە بودجەی گشتی وڵات بۆ ئەو کەسانە خەرج دەکرا کە شایستە نەبوون.