باران و بەفر بەڕێوەیە و پلەکانی گەرما زۆر دادەبەزن

48 کاتژمێری داهاتوو جەوی وێنە و ستۆرییە

ژێوار خدر

بڕۆن قەمسەڵە ئەستوورەکان و چەترەکانتان ئامادە بکەن، چونکە ئەم دوو رۆژە جەوەکەی رێک ئەو زستانەیە کە حەزمان لێیە، باران زۆربەی ناوچەکان دەگرێتەوە و چیاکانیش سپی دەپۆشن، کاتێکی گونجاوە بۆ ئەوانەی حەزیان لە پیاسەی ژێر باران و ستۆریی ناو تەم و مژە.

بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی هەرێم ئاسمان لە نێوان نیمچە هەور بۆ هەوری تەواو دەبێت، ئەگەری بارینی کەمێک نمە باران هەیە لە پارێزگای هەڵەبجە و هەندێک ناوچەی پارێزگای سلێمانی، ئەگەری بارینی بەفرێکی کەمیش هەیە لەناوچە شاخاویە سنووریەکانداو لە کاتەکانی شەودا کاریگەری دابارین درێژ دەبێتەوە بۆ ناوچەکانی سنووری پارێزگای دهۆک .

ئینجا جەو کەی خۆش دەبێت؟ سبەی شەممە کەشناسی دەڵێت بارانێکی مامناوەند زۆربەی ناوچەکان دەگرێتەوە و چیا بەرزەکانیش بەفرێکی باشیان لێ دەبارێت، لە ناوچە نیمچە شاخاوییەکانیش “کڕێوە” دەستپێدەکات، پلەکانی گەرماش 2 تا 4 پلەی دیکە دێنە خوارێ و ساردتر دەبێت، ئەم شەپۆلەش بۆ چەند رۆژێکی دیکە بەردەوام دەبێت.

بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی

هەولێر : 14 پلەی سیلیزی

سلێمانی : 12 پلەی سیلیزی

دهۆک : 13 پلەی سیلیزی

زاخۆ: 14  پلەی سیلیزی

کەرکوک : 15 پلەی سیلیزی

هەڵەبجە : 9 پلەی سیلیزی

سۆران : 10 پلەی سیلیزی

گەرمیان : 16 پلەی سیلیزی