بەفر و باران تێکەڵ دەبێ

دواجار کەشە ساردەکە هات و بەفر دێتە ناو شارەکان

ئەحمەد مستەفا

لە شەوی هەینی لەسەر شەممە 27ی ئەم مانگە، شەپۆلێکی بەفر و باران لە ئاسمانی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دادەبارێ، هەڵەبجە زۆرترین رێژەی دابارین و سلێمانی و راپەڕین دووەم زۆرترین دابارینی لێ تۆمار دەکرێ.

رۆژی دووشەممە 29.12.2025، لە سەنتەری شارەکانی دهۆک، سلێمانی بەفر دەبارێ و لە هەولێر و باران و بەفر پێکەوە دەبارێ.

ئەوەش بەگوێرەی پێشبینییەکانی بەڕێوبەرایەتی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان، ئەمشەویش 25.12.2025، ژووری ئۆپراسیۆن بۆ بەریوەبردنی  قەیران و کارەسات لە ناوەندی هەماهەنگی قەیرانەکان JCC، ئەوەیان وەک هۆشداری بڵاوکردووەتەوە.

نشەپۆلەکە، شەوی هەینی لەسەر شەممە 27.12.2025 تاوەکو رۆژی سێشەممە 30.12.2025 بەردەوام دەبێ، شەپۆڵێکی باران بارین و بەفر بارین و ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە، ناوەندی هەماهەنگی قەیرانەکان دەڵێ، بۆیە تکایە ئاگاداربن.

بەپێی پێشبینییەکە، بڕی دابارین بە لێزمە دەبێت لە ناوچەکانی باکوور و باکوور رۆژهەڵاتی هەرێمی کوردستان، مامناوەند دەبێت لە سەرجەم ناوچەکان تر، هەروەک پلەکانی گەرما بۆ ژێر سفر پلەی سیلیزی لە سەنتەری شارەکان و ناوچە شاخاوییەکان دادەبەزێ.

بڕی دابارین بەم جۆرە دەبێ، هەڵەبجە زیاتر لە 45 ملیم، سلێمانی زیاتر لە 35 ملیم، راپەڕین زیاتر لە 35 ملیم، دهۆک زیاتر لە 30 ملیم، هەولێر زیاتر لە 25 ملیم، کەرکوک زیاتر لە 25 ملیم، سۆران زیاتر لە 22 ملیم، زاخۆ زیاتر لە 20 ملیم و گەرمیان زیاتر لە 14 ملیم.