لەلایەن زانکۆی سۆرانەوە

1000 کتێب کرایە دیاری بۆ کتێبخانەی چەمچەماڵ

ژێوار خدر

وەک هاوخەمییەک بۆ زیانەکانی کتێبخانەی گشتیی چەمچەماڵ، زانکۆی سۆران 1000 ناونیشانی جیاوازی کتێبی پێشکەش بە کتێبخانەکە کرد، ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت، کە بەهۆی شەپۆلی بەهێزی بارانبارین و لافاوەکەی رۆژی 9/12/2025، کتێبخانەی گشتیی چەمچەماڵ زیانێکی گەورەی بەرکەوت، بەجۆرێک هەزاران ناونیشان و کتێبی جیاواز لەناوچوون و بوونە بەشێک لە پاشماوەی لافاوەکە.

زانکۆی سۆران رایگەیەناد، ئەم کتێبانە لە رێگەی کتێبخانەی ناوەندیی زانکۆ و هەڵمەتێکی فراوانی کۆکردنەوەی کتێب لەلایەن ستافی زانکۆکەوە دابینکراون، مەبەست لەم دەسپێشخەرییە، بەشدارییکردنە لە ئاوەدانکردنەوەی کتێبخانەی گشتیی چەمچەماڵ و پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە کتێبانەی کە بەهۆی رووداوەکەوە لەناوچووبوون.

ئاماژەی بەوەش کردووە، کە ئەمەیان وەک ئەرکێکی زانستی و نیشتمانی ئەنجامدراوە بۆ پاڵپشتی لە خوێنەران و گەنجانی چەمچەماڵ، تاوەکو جارێکی دیکە ژێرخانی رۆشنبیریی شارەکە ببوژێتەوە و ئەو زیانە گەورەیەی بەر کتێبخانەکەیان کەوتووە، قەرەبوو بکرێتەوە.