دوای رووناکبوونەوەی ماڵەکانیان بە کارەبای 24 سەعاتی

هاوڵاتیانی سلێمانی دەست بەکارەباوە دەگرن و بەکارهێنانی 42% کەمیکردووە

شۆڕش قادری

دوای رووناکبوونەوەی سلێمانی بە کارەبای 24 سەعاتی، هاوڵاتیانی شارە حەیاتەکە دەست بەکارەباوە دەگرن و بەرپرسیارانە  کارەبا سەرف دەکەن.

بەپێی داتاكانی بەڕێوەبەرایەتی كۆنتڕۆڵ و گەیاندنی كارەبای سڵیمانی، لە مانگی 12ـی ساڵی 2024، خواست له‌سه‌ر بەكارهێنانی كارەبا بەتێكڕا هەزار و 912 مێگاوات بووە، بەڵام لە مانگی 12ـی ئەمساڵ بۆ هەزار و 107 مێگاوات دابەزیوە.

وەزارەتی کارەبای کوردستان لەزاری غالب محەمەد بەڕێوەبەری كۆنتڕۆڵ و گەیاندنی كارەبای سلێمانی بڵاویکردووەتەوە، “پڕۆژەی رووناکی 24 کاتژمێری و هۆشیارانە و بەرپرسیارانە بەکارهێنانی کارەبا لەلایەن هاوڵاتیانەوە، رۆڵی لە کەمبوونەوەی خواست لەسەر کارەبا هەبووە و بە بەردەوامبوونی کارەبای 24 کاتژمێری؛ سیستەم و تۆڕەکانی کارەبا سەقامگیرتر دەبن و خواست لەسەر کارەبا کەم دەبێتەوە”.

چەند مانگێک دەبێ پڕۆژە رووناکی لە شار و شارۆچکەکانی کوردستان دەستبەکاربووە و تا ئێستاش نزیکەی چوار ملیۆن و 500 هەزار هاوڵاتی کە دەکاتە 70٪ـی هەموو دانیشتووانی کوردستان، لە پڕۆژەکە سوودمەند بوون.