"جگە لە پیسبوونی ژینگە نەخۆشیش بڵاودەکاتەوە"

هۆشدارى لە كاره‌ساتێكی ژینگه‌یی له‌ رووبارى سیروان دەدرێت

964+

فەرهاد حەسەن

کۆبوونەوەی پاشماوەیەکی زۆری مادەی پلاستیکی لە ناو ئاوی رووباری سیروان، فەرمانگەی ژینگەی هەڵەبجەی هێنایە سەرخەت و دوای سەردانیکردن و بینینی دیمەنەکانیان، هۆشدارى كاره‌ساتێكی ژینگه‌ییان له‌ رووبارەکە راگەیاند، چونکە دەڵێن، جگە لە پیسبوونی ژینگە، ئەم پاشماوانە نەخۆشیش بڵاودەکاتەوە.

سەرهەنگ عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی هەڵەبجە بە 964ـى راگەیاند، دوای ئەوەی دیمەنەکانی رووبارەکەیان بینیوە بەپەلە داوای کۆبونەوەی لیژنەی پاراستن و چاککردنی ژینگەی پارێزگاکەی کردووە.

کۆبوونەوەی پاشماوەکانی ناو ئەو رووبارە لە نزیک گوندی ئیمامی زامنە، لیژنەیەکی فەرمانگەکەش بە مەبەستی پشکنین بۆ کۆبوونەوەی پاشماوەی  پلاستیکی و خاشاکە مەترسیدارەکە سەردانی شوێنەکەیان کرد.

دەشڵێت “لە ئێستادا قەراغ رووبارەکە بووەتە سەرچاوەیەکی مەترسیدار بۆ پیسکردنی ئاوی رووبار، جگە لە پیسکردنی ژینگەکە راستەوخۆش مەترسی لەسەر ژیان و تەندروستی زیندەوەرانی ناو رووبار و باڵندە ئاوییەکان دروست دەکات”.

فەرمانگەی ژینگە بۆ پێویستی دەزانێت چارەسەرێکی خێرای ئەم دۆخە بکرێت و بۆ ئەم مەبەستەش نوسراوی فەرمی ئاڕاستەی لیژنەی پاراستن و چاککردنی ژینگەی پارێزگای هەڵەبجە کردووە، بۆ ئەنجامدانی کۆبونەوەی بەپەلە و گرتنەبەری ڕێکاری خێرا بە بەشداری لایەنی پەیوەندیدار و تەرخانکردنی بودجەیەک بۆ چارەسەرکردنی.

سەرهەنگ عەبدولڕەحمان، ئاماژە بەوەشدەکات زۆربەی ئەو پاشماوانەی لەناو رووبارەکە کۆبووەتەوە هی ئەو گەشتیارانەیە کە دێنە گەشت و سەیران و پابەندی ژینگەپارێزی نابن، بەپێویستیشی دەزانێت کەسانی تەکنیکی سەردانی رووبارەکە بکەن لە رووی زانستی چارەسەر بۆ دۆخەکە بدۆزنەوە.

له‌ گوندێكی هه‌ڵه‌بجه‌ پاشماوه‌ى سوته‌مه‌نییه‌كى...

له‌ گوندێكی هه‌ڵه‌بجه‌ پاشماوه‌ى سوته‌مه‌نییه‌كى مه‌ترسیدار رژێندراوه‌ و بۆنى گۆگردى لێدێت

"ئاگره‌كه‌ى هه‌ڵه‌بجه‌ پێویستى به‌ هیلیكۆپته‌ره‌" و پارێزگاریش لێكۆڵینه‌وه‌ى ده‌ستپێكردووه‌