بەهۆی شەوی بەرات فرۆشی نوقڵ و چوکلێت زیادیکردووە

+964

ئەحمەد مستەفا – سلێمانی

لەگەڵ هاتنی ٍشەوی بەرات، لە سلێمانی خواست لەسەر چوکلێت و نوقڵ زیادیکردووە، سەرەڕای ئەوەی هەر کیلۆیەک نوقڵ لە نێوان دوو هەزار بۆ چوار هەزار دیناری چووەتە سەر بەهۆی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار، بەڵام خەڵک هەر دەیکڕن.

نوقڵفرۆشانی بازاڕی سلێمانی دەڵێن، بەبۆنەی شەوی بەراتەوە فرۆشیان زیادیکردووە، بەڵام زیاتر خواست لەسەر ئەو چوکلێتانەیە، کە هەرزانن.

ئەمشەو منداڵان دەگەڕێن و داوای شیرینی دەکەن

ھەریاد محەمەد، فرۆشیار لە ناو بازاڕی سلێمانی، ئەمڕۆ دوو شەممە بە تۆڕی 964ی وت، “شەوی بەرات بازاڕی جوڵاندووە، بەتایبەت کە ئەمشەو منداڵان دەگەڕێن و داوای شیرینی دەکەن، زیاتر خواستیش لەسەر ئەو چوکلێتانەیە کە نرخیان ھەرزانە.”

بە وتەی ئەو فرۆشیارە، هەر کیلۆیەک لە نوقڵی هەرزان نزیکەی دوو هەزار دینار گران بووە، گرانەکەش نزیکەی چوار هەزار دیناری چووەتە سەر، هۆکارەکەی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلارە بەرامبەر بە دینار.

شەوی بەرات لە فەرهەنگی ئایینی ئیسلامدا، شەوی 15ی مانگی شەعبانە و 15 رۆژ پێش هاتنی مانگی رەمەزانی پیرۆزە.

پێداچوونەوە: هاوبەش ئەبوبەکر