لەناو بەرزکەرەوەیەکدا گیریانخواردبوو
لەلایەن تیمەکانى بەرگرى شارستانییەوە دوو هاوڵاتى رزگار کران
وریا فەتاح
کاتژمێر 2ـى بەرەبەیانى ئەمڕۆ، دواى ئەوەى دوو هاوڵاتى بیانى لەناو بەرزکەرەوەیەکدا گیر دەخۆن، تیمەکانى بەرگرى شارستانى زوو بە فریایان دەکەون و رزگاریان دەکەن.
رووداوەکە لە هەولێر بووە و بە وتەى شاخەوان سەعید، وتەبێژى بەرگرى شارستانى هەولێر،”لە ناو بەرزکەرەوەى هۆتێل جێگر پاڵاس لە شارى هەولێر، لە کاتژمێر 2ـى بەرەبەیان دوو هاوڵاتى بیانى گیر دەخۆن، بەڵام لەلایەن تیمەکانمانەوە زوو فریایان کەوتن و رزگاریان کردن”.
باسى لەوەشکرد، لە کاتژمێر 2ى بەرەبەیان پەیوەندیان پێوەکراوە، بەڵام تیمى رزگارکردن بە تا کاتژمێر 2:30 خولەک، کۆتاییان بە پرۆسەکە هێناوە و دوو کەسەکە کە ئافرەت بوون، بەسەلامەت رزگارکراون.
بە وتەى شاخەوان سەعید، بەرگرى شارستانى هەولێر، تیمى تایبەتى هەیە بۆ ئەو حاڵەتانە و لە دەرەوە راهێنانیان پێکراوە کە دەتوانن بە 20 خولەک کەسێک رزگار بکەن کە لە ناو بەرزکەرەوەدا گیر بخوات.
داواش دەکات، لە حاڵەتى رووداوى لەو شێوەیە لە رێگەى ژمارە 115 و 125 ئاگاداریان بکەن، تیمەکانیان بەزوویى دەگەن.