سلێمانی

تەوالێتی ژنانی مزگەوتی گەورە بەهۆی شەڕ و پیسییەوە داخراوە

964+

ئەحمەد محەمەد – سلێمانی

بەهۆی دروستبوونی شەڕ و پیسی لە رادەبەدەری تەوالێتی ژنان لە مزگەوتی گەورەی سلێمانی ماوەی دوو رۆژە تەوالێتەکان داخراون و مامۆستای مزگەوتەکەش دەڵێت تەنانەت پیسیش دەخەنە سەر فەرشی مزگەوتەکە.

مامۆستا محەمەد حسێن پێشنوێژی مزگەوتی گەورەی سلێمانی بە 964ـی وت، بەهۆی ئەوەی مزگەوتەکە لە ناوەڕاستی شار و بازاڕدایە لۆد و قەرەباڵغیەکی زۆری لەسەرە و رۆژانە سەدان کەس تەوالێتەکان بەکاردەهێنن و بەتایبەت ژنان پاکوخاوێنی راناگرن.

وتیشی، هەندێک جار شەڕ و ئاژەوە دروست دەبێت لە شوێنەکە و ئەمە جگە لەوەی کە زۆر پیسوپۆخڵن و منداڵ پاکدەکەنەوە دایبیەکەی ناخەنە حاویەی زبڵ بەڵکو لەو ناوە فڕێی دەدەن.

ئاماژەی بەوەشکرد، کارمەندەکانیان تەنیا شەوان دەتوانن ئەو شوێنە پاکبکەنەوە و زۆر ماندوو دەبن و هەر کە رۆژبوویەوە وەک خۆی لێدێتەوە.

پێداچوونەوە: توانا نەقی