لۆگۆی وەزارەتی پێشمەرگە
راگەیاندراویان بڵاوكردەوە
وەزارەتی پێشمەرگە لیژنەی لێكۆڵینەوەی لە بارەی رفاندنی رۆژنامەنووسێک پێكهێنا
ئەرسەلان عەبدوڵا
وەزارەتی پێشمەرگەی كوردستان رایگەیاند، لیژنەیەكی لێكۆڵینەوەیان پێكهێناوە سەبارەت بە رووداوی رفاندنی رۆژنامەنووسێك، كە كارمەندی وەزارەتەكەیە و پێشتر سكرتێری رۆژنامەوانی وەزیری پێشمەرگەش بووە.
راگەیەندراوەكەی وەزارەتی پێشمەرگە بەم جۆرەیە:
شەوی ١٩ لەسەر ٢٠ی ١٢ی ٢٠٢٥، میران بکر عبدالرحمان، کارمەندی وەزارەتی پێشمەرگە تووشی روداوێکی نەخوازراو بوو.
١: ئەو رووداوە نەخوازراوەی کەرووبەڕوی کارمەندێکی وەزارەت بۆتەوە.
دەستبەجێ وەزارەت لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی لەسەر رووداوەکە پێکهێانەوە بۆ بەدواداچون لەسەر ئەم دۆسیەیە.
٢: بۆئاگاداری ڕای گشتی میران بەکر کارمەندی وەزارەتمان ماوەی دووساڵە سکرتێری رۆژنامەوانی وەزیری پێشمەرگە نەماوە.
نوسینگەی ڕۆژنامەوانی وەزیری پێشمەرگە
٢٠ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥
میران بەكر پێشتر سكرتێری رۆژنامەوانیی وەزیری پێشمەرگە بووە و لە سۆشیال میدیای خۆی رایگەیاندووە، شەوی رابردوو لەلایەن هێزێكەوە لە نزیك مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە هەولێر، رفاندوویانە و توورەگەی رەشیان لەسەركردووە و كەلوپەلەكانی ناو ئۆتۆمبێلەكەیان بردووە و هەروەها لێیان داوە، دواتر لە شوێنێك ئازادیان كردووە و پێیان وتووە هەڵەیان كردووە.