لە سلێمانی دووەم کوشندەترین شێرپەنجە دوو هێندە زیادیکردووە
964+
هاوبەش ئەبوبەکر
لە پارێزگای سلێمانی تووشبوون بە دووەم کوشندەترین شێرپەنجە زیادی کردووە، تەنیا ساڵی رابردوو 157 کەس تووشی ئەو جۆرەی شێرپەنجە بوون و ساڵ بە ساڵیش ئامارەکان زیاد دەکات.
بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی سلێمانی رۆژی یەکشەممە لە پەیجی خۆیان لە فەیسبووک بڵاویکردەوە، لە ماوەی 12 ساڵی رابردوودا تووشبوون بە شێرپەنجەی كۆڵۆن و رێكە لە پارێزگای سلێمانی بۆ زیاتر لە دوو هێندە بەرزبووەتەوە.
“ژمارەی تووشبووانی شێرپەنجەی كۆڵۆن و رێكە لە ساڵی 2011 لە پارێزگای سلێمانی تەنیا 75 كەس بووە، لە كاتێكدا ئێستا ژمارەی تووشبووانی ئەو جۆرە شێرپەنجەیە زیادی كردووە بۆ زیاتر لە دوو هێندە، بە جورێک ساڵی رابردوو 157 تووشبووی شێرپەنجەی كۆڵۆن و رێكە لە پارێزگای سلێمانی تۆماركراوە،” تەندروستیی سلێمانی وا دەڵێت.
شێرپەنجەی کۆڵۆن دووەم کوشندەترین جۆرە لە پیاوان و ژناندا
لە پیاواندا شێرپەنجەی کۆڵۆن دووەم کوشندەترین جۆرە و لە دوای شێرپەنجەی سییەکان دێت، بۆ ژنانیش دووەم کوشندەترین جۆری شێرپەنجەیە و لەدوای شێرپەنجەی مەمک دێت.
د.هیوا ئەبوبەکر، پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی هەرس و جگەر بە ماڵپەڕی تەندروستی سلێمانی وتووە، نیشانەکانی شێرپەنجەی کۆڵۆن بریتین لە ئازاری بەشی خوارەوەی سک، بینینی خوێن لە کاتی پیساییدانان، کەمکردنی کێش و کەمخوێنی.
لە دوای تەمەنی 45 ساڵ سەردانی پزیشکەکانی هەرس و جگەر بکەن و داوا بکەن کە هەناو بینینی کۆڵۆنۆنیان بۆ ئەنجام بدرێت
“ئەگەر هەر یەکێک لەم نیشانانە هەبێت یان نەبێت باشتر وایە هاوڵاتیان لە دوای تەمەنی 45 ساڵ سەردانی پزیشکەکانی هەرس و جگەر بکەن و داوا بکەن پشکنینی هەناوبینینی کۆڵۆنۆنیان بۆ ئەنجامبدرێت،” د.هیوا ئەبوبەکر وای وت.
بە وتەی ئەو پزیشکە، بۆ خۆپاراستن لەم جۆرە کوشندەیەی شێرپەنجە پێویستە خواردنی تەندروست بخۆین و خواردنی گۆشتی سوور و چەوری کەم بکەینەوە و دووربکەوینەوە لە خواردنەوە کحولییەکان و جگەرەکێشان.