دیمەنی چەمچەماڵ - فۆتۆ: 964
قسەی ئەوقافی چەمچەماڵە
“تۆمارکردنی ناو بۆ قەرەبوو لەلایەن ئەو کەسانەی زیانیان بەرنەکەوتووە حەرامە”
964+
ئەحمەد مستەفا
بەڕێوەبەری ئەوقافی چەمچەماڵ ژمارەیەک رێنماییان بۆ وتار خوێن و مزگەوتەکان ناردووە و دەڵێن رێنوێنی خەڵک بکرێ، کە تۆمارکردنی ناو بۆ قەرەبوو لەلایەن ئەو کەسانەی زیانیان بەرنەکەوتووە حەرامە.
موژد رەئوف، بەڕێوەبەری ئەوقافی چەمچەماڵ بە 964ی وت، رێنمایی بۆ مامۆستایانی ئاینی چووە کە دەبیت وتارەکانیان، لەژێر رۆشنایی ناونیشانی بۆردی وتار بێت کە بریتییە لە “ژیان هەڵوێست و قوربانی دانە” و تێیدا تیشک بخرێتە سەر دوو مژاری زۆر گرنگ کە لە ئێستادا بووەتە داواکاریی سەرەکیی هەموو چین و توێژەکانی ناوچەکە.
ئەوقافی چەمچەماڵ داوا کردووە، مامۆستایانی ئاینی سوپاس و دەستخۆشییەکی گەرم ئاراستەی تەواوی خەڵکی شارەکە و خێرخوازان و رێکخراوەکان و میدیاکاران و تیمەکانی حکومەت بکەن، کە لە کاتی لافاوەکەدا بە هانای زیانلێکەوتووانەوە چوون و نموونەی قوربانییان پێشکەش کردووە.
بەڕێوەبەرەکە، داوا لە وتارخوێنان دەکات هۆشداری بدەنە هاوڵاتییان کە هەر کەسێک زیانی بەرنەکەوتووە، بۆی نییە ناوی خۆی بۆ وەرگرتنی قەرەبوو تۆمار بکات، وە دەڵێ، کە درۆکردن لە پێناو وەرگرتنی قەرەبوودا کارێکی حەرامە و بە هیچ شێوەیەک دروست نییە کەسێک زیانی بەرنەکەوتبێت و خۆی وەک زیانلێکەوتوو تۆمار بکات، چونکە ئەمە دەستدرێژیکردنە بۆ سەر مافی ئەو کەسانەی کە بە راستی ماڵ و حاڵیان زیانی پێ گەیشتووە.
پاش لافاوەکەی هەفتەی رابردووتری چەمچەماڵ، لە هەموو ناوچەکانی کوردستان هەڵمەت بۆ کۆکردنەوەی زیانلێکەوتووانی لافاوەکە راگەیەنراوە و جگە لە کەلوپەل و پێداویستی جۆراوجۆر، بە ملیاران دیناریش وەک هاوکاری دارایی بۆ خەڵکی لێقەماوی ئەو قەزایە کۆکراوەتەوە.