ژوورى بازرگانى سلێمانى

دەرفەتێک بۆ بازرگانان تا لە عەممانەوە بریکارنامەی کۆمپانیا جیهانییەکان بەدەستبهێنن

وریا فەتاح

ژووری بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانی بانگهێشتی تەواوی بازرگانان و وەبەرهێنەرانی شارەکە دەکات، ئەوانەی خوازیارن بریکارنامەی بازرگانی (وەکالە) وەربگرن، ئامادەکاری بۆ گەشتێک بەرەو ئوردن بکەن.

بەپێی ئاگادارییەکی ژووری بازرگانی کە وێنەیەکی دەست 964 کەوتووە، بڕیارە لە پایتەختی ئوردن پێشانگایەکی تایبەت بە دابەشکردنی بریکارنامەی بازرگانی بۆ کۆمپانیا و براندە پێشەنگە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان بەڕێوەبچێت.

لەم خاڵانەدا وردەکارییەکان بخوێنەرەوە:

شوێن و کات: پێشانگاکە لە عەممانی پایتەختی ئوردن لە رۆژانی 21 و 22ی مانگی یەکی ساڵی 2026 بەڕێوەدەچێت.
ئامانج: کۆکردنەوەی بازرگانان لەگەڵ خاوەن براندە جیهانییەکان بە مەبەستی وەرگرتنی مافی بریکارنامە.
چۆن بەشدار دەبیت؟: هەر بازرگان و وەبەرهێنەرێک لە سلێمانی خوازیارە بەشداری بکات، دەبێت سەردانی بەشی “پەیوەندییەکان” لە ژووری بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانی بکات بۆ تۆمارکردنی ناوی.