خەریکە دەبێتە دیاردە

گۆڕستانێکی مەسیحییەکانی شەقڵاوە شێوێندراوە و ناوی سەر کێل و خاچەکانیان شکاندوون

فەرهاد حەسەن

خەریکە لە هەرێمی کردستان شێواندنی گۆڕستانەکان دەبێتە دیاردە، دوایین شێواندنی ئەم شوێنانەش لە قەزای شەقڵاوە بووە و ناوی سەر کێل و خاچەکانی چەندین گۆڕ شکێندراون.

شاندێکی باڵای دەستە مافی مرۆڤی هەرێم سەردانی شەقڵاوەی کرد و بڵاویکردووەتەوە کە گۆڕستانەکە تازەیە و 33 گۆڕی تێدایە، خاچەکان و ئەو پارچانەی کە ناوی کۆچکردووەکانیان لەسەر نووسراوە، هەموویان شکێنراون.

ئاماژە بەوەکراوە کە ئەو کەسەی ئەم کارەی کردووە دەستگیرکراوە و ئێستا لە قۆناغی لێکۆڵینەوەدایە، بەڵام دەڵێت “هێشتا نازانرێ پاڵنەری ئەم کردەوە نزم و ناپاکە چی بووە”.

باسی لەوەشکردووە، ئێستا گۆڕستانەکە لەلایەن لایەنە فەرمییەکانەوە نوێ دەکرێتەوە و چاکسازی تێدا دەکرێت و بە کامێراش چاودێری دەکرێت.

دەستە مافی مرۆڤ دووپاتیدەکاتەوە، پێویستە گۆڕستانەکان رێز و حورمەتیان لێبگیرێت، بە شێوەیەک ئاسایشی کۆمەڵایەتی و پیرۆزی گۆڕستانەکان پارێزراو بێت”.

لە ماوەی دوو هەفتەی رابردووودا دوو حاڵەتی دیکەی شێواندنی گۆڕستانەکان هەبووە، لە قەزای کۆیە بەهەمان شێوە گۆڕستانێکی مەسیحییەکان و لە هەولێریش چەند گۆڕێک لە گۆڕستانی شێخ ئەحمەد شێوێندرابوون.