"با کوردانە بیربکەینەوە"

لە هەولێر بە خۆشی زاخۆ شیرینی دەبەخشرێتەوە

ئەحمەد شەمزین – هەولێر

ئەمڕۆ هەموو کوردستان بەبۆنەی زاخۆوە دڵخۆش بوو و هەر بەو بۆنەیەشەوە شیرینیخانەیەک لە هەولێری پایتەخت شیرینی دەبەخشێتەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە 16.12.2025  فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهان ناسراو بە “فیفا” ئەنجامی دەنگدانی بۆ باشترین هاندەری ساڵ راگەیاند و هاندەرانی زاخۆ پێش ركابەرە ئەرجەنتینی و ئیسپانییەكانیان كەوتنەوە و بوونە یەكەمین هاندەر لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە ئەم خەڵاتە ببەنەوە.

سەوری نەسرەدین خاوەنی شیرینیخانەی مشمشـە لە شاری هەولێر، قسەی بۆ مایکی 964 کردووە و دەڵێت، بەبۆنەی بردنەوەی ئەو خەڵاتەوە بڕیاریانداوە لە کاتژمێر 8ـی ئەمشەوەوە تا کاتژمێر 12 بەخۆڕایی شیرینی بدەن بە هەر کەسێک کە بچێتە دوکانەکەیان”.

“لە بۆنەی ئاوادا دەبێ هەوڵ بدەین کوردانە بیربکەینەوە و شارچێتی وەلابنێین”، سەوری نەسرەدین وادەڵێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، پێشتریش بۆ سەرکەوتنی یانەکانی دیکە شیرینیان بەخشیوەتەوە و هەر یانەیەکی کوردستانیش بباتەوە یان خەڵات بەدەست بهێنێت، ئەو کارە دەکەن.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری