روونکردنەوە لەبارەى دۆخی تەندروستى"رەفیق سابیر"ـەوە دەدرێت

خاوەنی شیعرى “بەتەنیا جێم مەهێڵن” تووشی شێرپەنجە بووە

وریا فەتاح

پەیجی فەرمی شاعیری گەورەی کورد، د. رەفیق سابیر رایدەگەیەنێت، ناوبراو بەشێوەیەکی کتوپڕ تووشی نەخۆشیی شێرپەنجە بووە و بەهۆیەوە نەشتەرگەریی بۆ ئەنجامدراوە.

بەپێی روونکردنەوەکە، سێ هەفتە لەمەوبەر نەشتەرگەرییەکە کراوە و لە ئێستادا دۆخی تەندروستیی “جێگیرە” و نەخۆشخانەی جێهێشتووە، بەڵام هێشتا لەژێر چاودێریی وردی پزیشکیدایە بۆ وەرگرتنی چارەسەری تەواوەتی.

لە بەشێکی پەیامەکەدا هاتووە: “سوپاسی هەموو ئەو دڵسۆز و خوێنەرانە دەکەین کە پەیامیان ناردووە و خەمخۆری تەندروستی دکتۆر بوون، هەموومان چاوەڕێی گەڕانەوەی هێز و تەندروستیین بۆی”.

د. ڕەفیق سابیر، یەکێکە لە قەڵەمە هەرە دیارەکانی ئەدەبی کوردی و خاوەنی دەیان شاکارە، دیارترینیان هۆنراوەی بەناوبانگی “بەتەنیا جێم مەهێڵن”ـە، کە وەک مانیفێستێکی شیعری بۆ کارەساتی کیمیابارانی هەڵەبجە نووسیویەتی و لە یادەوەریی هەموو کوردێکدا بە زیندوویی ماوەتەوە.

ڕەفیق سابیر  ساڵى 1950 لە قەڵادزێ لە دایکبووە، شاعیرێکی کوردی ھاوچەرخە کە شیعرەکانی بە زاراوەی سۆرانییە.