لەکاتی سەردانیان کارئاسانیان بۆ دەکرێت

وەزارەتی کارەبا کار لەسەر ماف و تایبەتمەندیی کورتەباڵاکانی کوردستان دەکات

فەرهاد حەسەن

لەمەودوا لە وەزارەتی کارەبای هەرێم ماف و تایبەتمەندیی کورتەباڵاکانی کوردستان لەبەرچاو دەگیرێت و لە مامەڵەکانی رۆژانەیاندا پابەندی تەواو بە پاراستنی ماف و ئیمتیازاتەکانیان دەبن.

بەپێی راگەیەندراوێکی وەزارەتی کارەبا، ئەمڕۆ کەمال محەمەد ساڵح وەزیری کارەبا پێشوازی لە وەحید سەعید چیچۆ، سەرۆکی گشتیی کورتەباڵاکانی کوردستان و شاندێکی باڵای کۆمەڵەکە کردووە و کۆمەڵەکە داوایان لە وەزیر کردووە لەکاتی سەردانیکردنی فەرمانگەکانی کارەبا رەچاوی تایبەتمەندێتی کورتە باڵاکان بکرێت.

وەزیری کارەبا رەزامەندیی دەربڕیوە و بۆ ئەم مەبەستەش گشتاندنێک بۆ سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی وەزارەت دەردەکرێت، بۆ ئەوەی پابەندی  پاراستنی ماف و ئیمتیازاتەکانی کەمئەندامان و کورتە باڵاکان بن، بەتایبەتی لە کاتی سەردانیکردنی فەرمانگە و دامودەزگاکانی وەزارەت کارئاسانی تەواویان بۆ بکرێت.