پارێزگاری کەرکوک:

“شیو و دۆڵەكان لە مافیاكانی زەوی وەردەگرینەوە و سزاشیان دەدەین”

964+

فەرهاد حەسەن

پارێزگاری كەركوك دەڵێت، دەست بە وەرگرتنەوەی ئەو شیو و دۆڵانە دەکەن کە لەلایەن چەند مافیایەکی زەوییەوە دەستیان بەسەرداگیراوە و ئەو مافیایانەش سزا دەدەن.

رێبوار تەها، پارێزگاری کەرکوک لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئەمڕۆ دووشەممە رایگەیاند، لە بارانەکەی هەفتەی رابردوودا، چەند ماڵێک لە چەند کۆڵانێکی گەڕەکی شۆراو ئاوی تێدا کۆبووبووەوە، هۆکارەکەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، پێشتر لەو شوێنانە شیو (دۆڵ) هەبووە، بەڵام بەهۆی زیادەڕەوی، ئێستا ئەو شیوانە نەماون.

ئاماژەی بەوەشکرد، لایەنە پەیوەندیدارەکانی کەرکوکی راسپاردووە هەڵبستن بە گەڕاندنەوەی ئەو شیوانە و ئاشکراشیکرد، کە ئەو ماڵانەی زیانیان بەرکەوتووە، خەمڵاندنیان بۆ دەکرێت و قەرەبوودەکرێنەوە.

بە قسەی پارێزگار، ئەو شیو (دۆڵ)انەی كەركوك، لە بنەڕەتدا رێڕەوی ئاون، بەڵام “مافیاكیانی زەوی” پڕیانكردونەتەوە و زەوییەكەیان بە هاوڵاتیان فرۆشتووە و ئەوانیش خانویان لەسەر بونیادناوە، بۆیە لە زستاندا ئاو دەچێتە ماڵەكانەوە.

بڕیاریدا، لە ئەمڕۆوە لیژنەیەكی تایبەت بۆ وەرگرتنەوەی شیوەكان (دۆڵ) دەستپێكردووە، كە پێكهاتووە لە قایمقامیەت، شارەوانی، ئاو و ئاوەڕۆ، سەرچاوە ئاوییەكان و دامەزراوە ئەمنییەكان، بەتایبەت لە هەردوو گەڕەكی شۆراو و پەنجا عەلی كە زۆرینەی دانیشتووانەكەی كوردن و وتیشی “ئامانجمان سزادانی ئەو مافیایانە و پاراستنی گیانی هاوڵاتیانە لە لافاو”.

رۆژی 10.12.2025، بەهۆی بارانبارینی بەخوڕ، لافاو لە چەند گەڕەکێکی كەركوك دروست بوو، بەهۆیەوە ئاو چووە ناو ماڵەکان و ژمارەیەك هاوڵاتیان زەرەرمەندبون.

پارێزگاری کەرکوک سزای پێبژاردن بۆ دوکاندارێک دەکات

پارێزگاری کەرکوک سزای پێبژاردن بۆ دوکاندارێک دەکات

پارێزگاری کەرکوک: داوامان کردووە موچەی مامۆستایان بخر...

پارێزگاری کەرکوک: داوامان کردووە موچەی مامۆستایان بخرێتە بانکەکانی پارێزگاکەوە