کەس نازی کۆترەکانی دهۆک هەڵناگرێ

کۆترەکانی زێرەڤان دڵی هەمووانی خۆش کرد خۆی نەبێ

میدیازان – عەمار عەزیز – دهۆک

 وەک پڕۆژەیەکی بازرگانی بچووک، گەنجێکی دهۆکی هەزار کۆتر لە پارکی نەورۆز بەڕەڵلا دەکات بۆ راکێشانی سەرنجی گەشتیارو رێبواران، بەڵام بچووکی پارکەکەو خەرجیی زۆر دڵی زێرەڤانی خاوەن پڕۆژەکەی هیچ خۆش نەکردووە.

 پارکی نەورۆز، دەکەوێتە سەنتەری بازاری دهۆک و لای خەڵک بە پارکی سەبە یان کوترەکان ناسراوەو رووبەرەکەی ١٢ هەزار مەتر چوار گۆشەیە. پارکی نەورۆز، ساڵی ٢٠١٧ کراوەتەوەو ساڵی ٢٠١٨ لەلایەن گەنجێکی خاوەن پێداویستی تایبەت پڕۆژەی هێنانی کۆتری ماڵی تێدا کراوەتەوە.

پێنج ساڵ پێش ئێستا، زێرەڤان حوسێن دوای وەرگرتنی رەزامەندی پارێزگارو شارەوانی دهۆک، هەزار کۆتری ماڵی کراو دەکڕێت و، شوێنیان لەناو پارکی نەورۆز لەسەنتەری پارێزگای دهۆک بۆ دابین دەکات.

زێرەڤان حوسێن بە میدیازانی راگەیاند، کۆترەکانم لەسەر حیسابی خۆم کڕی، گەنمیش هەر لەسەر حیسابی خۆم بۆ کۆترەکان دابین دەکەم، لەگەڵ ئەمەشدا مانگانە ٤٠٠ دۆلار دەدەمە شارەوانی.

“چاومان لەدەستی رێبواران و گەشتیارانە کە سەردانی پارکەکە دەکەن، تا گڵاسێک گەنم بکڕن بە ٥٠٠ دینار”. زێرەڤان وای وت، ئەو کە گەنجێکی خاوەن پیداویستی تایبەتە، لەو پڕۆژەیەیدا دەرفەتی کاری بۆ سێ کەسی تریش رەخساندووە.

چاومان لەدەستی رێبواران و گەشتیارانە کە سەردانی پارکەکە دەکەن، تا گڵاسێک گەنم بکڕن بە ٥٠٠ دینار”

 زێرەڤان، رەخنەی ئەوەی لە شارەوانی و ڤێتێرنەری دهۆک هەیە کە هیچ سەردانێکیان نەکردووەو یارمەتیشیان نەداوە لەڕووی تەندروستی و چاودێریکردنی کۆترەکان، پێیوایە ئەمەو بچووکی پارکەکە هۆکارن لەوەی کە کۆترێکی زۆری مردار بوونەتەوە، دەڵێ؛ مانگی وەها هەیە دە کۆتر مردار دەبنەوە.

 کۆترەکانی زێرەڤان، رۆژانە ٤٠ کیلۆ گەنم دەخۆن و، مانگانە زیاتر لە تۆنێک گەنمیان بۆ دەکڕدرێت کە نرخی هەر تۆنێک وەک خۆی باسی دەکات ملیۆنێک دینارە

ڤیدیۆ-تایبەت بە میدیازان