"هیچ پێشێلکارییەک نەبووە"
دادگای فیدڕاڵی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقی پەسەند کرد
964+
ژێوار خدر
دادگای فیدڕاڵی عێراق ئەمڕۆ یەکشەممە، بە فەرمی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراقی بۆ ساڵی 2025 پەسەند کرد و رایگەیاند، پڕۆسەکە شەفاف بووە و هیچ پێشێلکارییەکی کاریگەر رووینەداوە.
ناوەندی راگەیاندنی دادگای فیدراڵی وردەکارییەکەی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئەمڕۆ یەکشەممە 14.12.2025 بە سەرۆکایەتی دادوەر “مویزیر ئیبراهیم” و ئامادەبوونی ئەندامانی دادگا، دۆسیەکەیان یەکلاکردەوە، دوای ئەوەی بە وردی سەیری ئەنجامەکانیان کردووە، بۆیان دەرکەوتووە پرۆسەکە تەواو یاسایی بووە.
دادگاکە دەڵێت، هیچ کێشە و سەرپێچییەک لە هەڵبژاردنەکەدا نەبووە کە کاریگەری لەسەر ئەنجامەکان هەبێت یان گومان دروست بکات، بۆیە ناوی سەرجەم کاندیدە دەرچووەکانیان بەفەرمی پەسەند کرد و هەرسێ سەرۆکایەتییەکەشیان ئاگادار کردەوە، بەمەش بڕیارەکە کۆتاییە و دەبێت هەموو لایەک پێوەی پابەند بن.