"خواردن زۆر زەروورە"

دەربەندیخانیش لەخەمی چەمچەماڵ دایە؛ خێمە بۆ کۆکردنەوەی هاوکارییەکان دانراوە

میلاد جەلال – دەربەندیخان

لەلایەن ژمارەیەک لە چالاکوان و مامۆستایانی ئاینی قەزای دەربەندیخان، ھەڵمەتێک بۆ کۆکردنەوەی ھاوکاری بۆ زیانلێکەوتوانی لافاوەکەی چەمچەماڵ راگەیەنراوە و تا دوو رۆژی دیکە بەردەوام دەبێت.

مامۆستا عەباس ساڵح یەکێک لە سەرپەرشتیارانی کەمپەینەكە بە 964ـی وت، “دوو رۆژە کەمپەینەکەمان دەستپێکردووە و تا دوو رۆژی تر بەردەوام دەبێت، داواکارین ھاوڵاتیان لەماوەی ئەو دوو رۆژەدا ھاوکارییەکانیان بگەیەنن و بۆ خوشک و براکانیان لە قەزای چەمچەماڵ”.

“وەک ئەوەی پەیوەندیمان بە برایانمان لە چەمچەماڵ کردووە، لە ئێستادا زیاتر پێویستییەکان، پارە، بەتانی و راخەڕ، گەرمکەرەوە وەک زۆپا و نەوت و خواردنیش زۆر زەروورە”، مامۆستا عەباس وای وت.

فەرمان عەبدولڕەحمانیش، یەکێکی دیکەیە لە سەرپەرشتیارانی کەمپەینەکە و دەڵێت، “خەڵکی دەربەندیخان لەھەموو کاتە سەختەکان لەگەڵ کوردانی ھەرچوار پارچە بوونە و هەمیشە هەڵوێستیان هەبووە”.

داوایشی لە هاوڵاتیانی دەربەندیخان کرد، با ئیدی جلوبەرگیان بۆ نەبەن چونکە زۆر زۆریان بۆ چووە.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری