دوای زیاتر لە پێنج رۆژ گەڕان هێشتا تەرمی ئەندازیارە عەرەبەکە لە بازیان نەدۆزراوەتەوە
"تەرمێک بەسەر ئاوەوە بینراوە"
هێشتا تەرمی ئەندازیارە عەرەبەکەی بازیان نەدۆزراوەتەوە
964+
دیلان محەمەدجەزا – سلێمانی
دوای زیاتر لە پێنج رۆژ گەڕان، هێشتا تەرمی ئەندازیارە عەرەبەکەی بازیان نەدۆزراوەتەوە و لە ئەمڕۆوە لە ناوچەی سەنگاو بەدوایدا دەگەڕێن.
لە رۆژی سێشەممەی رابردووە و دوای دروستبوونی لافاو لە چەند شوێنێکی کوردستان، ئەندازیارێکی بەنەتەوە عەرەب لە ناوچەی بازیانی سلێمانی بێسەروشوێن بووە و دەوترێ لەناو کابینەکەیدا لافاو بردوویەتی و خنکاوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 14.12.2025 ئیسماعیل ئەحمەد قایقامی بازیان بە 964 وت، لە رۆژی لافاوەکەوە سەرجەم تیمەکانیان خستووەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە و تەواوی چەمی بازیان و دەورووبەری سێ جار گەڕاون بەدوای تەرمی ئەو هاوڵاتییە عەرەبەدا.
“چەند هاوڵاتییەک ئاگاداریان کردووینەتەوە کە لە کۆتایی بازیان، تەرمێک بەسەر ئاوی چەمەکەوە بینراوە، لە دوێنێوە گەڕانەکانمان چڕکردووەتەوە لەو ناوچەیە، گومان دەکەین چوبێتە ناوچەی گەرمیان و سەنگاو”، ئیسماعیل ئەحمەد وای وت.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئەمڕۆوە بەڕێوەبەرایەتی ناحیەی سەنگاو بەدوای تەرمەکەیدا دەگەڕێن، پێشتریش چەند جارێک روویداوە کە لافاو دروستبووە و شتی بردووە، لەو ناوچەیە گیرساونەتەوە.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری